مۆلنوپیراڤیر، یەکەم حەپی چارەسەری کۆرۆنا چاوەڕێی ڕەزامەندییە

ڕاپۆرتە پزیشکییە نوێیەکان دەریانخستووە، چارەسەرێک لەشێوەی حەپدا دژی کۆرۆنا بەناوی مۆلنوپیراڤیر تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووبووە لە کەمکردنەوەی نیشانە قورسەکانی تووشبووانی کۆرۆنا.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، چارەسەرەکە لە شێوەی حەپدایە و حاڵەتەکانی مردن کەمدەکاتەوە هەروەها حاڵەتەکانی داخڵبوون لە نەخۆشخانەکان بۆ نیوە دادەبەزێنێت.

کۆمپانیای میرک ئاند ڕیدچەر باک-ی ئەمریکی، کە بەرهەمهێنەری حەپی ”molnupiravir”ــە داوا لە بەرپرسانی تەندروستیی ئەمریکا و جیهان دەکات ڕەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی چارەسەرەکە بدەن.

لە حەڵەتی ڕەزامەندیدان لەسەر بەکارهێنانی ئەو جۆرە چارەسەرەدا دەبێتە یەکەم حەپ لەجیهاندا کە بۆ چارسەری کۆرۆنا بەکاربهێنرێت.

بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان ئەگەر ئەو چارەسەرە سەرکەوتووبێت، ئەوا بەکارهێنانی چارەسەرێک لەشێوەی حەپدا ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا.

ئاماژە بەوەکراوە، کۆمپانیای بەرهەمهێنەر داوای لە دەسەڵاتی تەندروستیی وڵاتەکەی کردووە لەماوەی دوو هەفتەدا ڕێگە بە بەکارهێنانی چارەسەرەکە بدرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دواتریش وڵاتانی جیهان.

تاقیکردنەوەکانی چارەسەرەکە لەسەر 775 کەس ئەنجامدراوە، کە تووشبووی کۆرۆنا بوون و نیشانەکانیان بە شێوەیەکی مامناوەند تێدا هەبووە، ئەوانە لەو کەسانە بوون کە ئەگەری تووشبوونیان بە نیشانەی توندی نەخۆشییەکە هەبووە، لەوانە بەساڵاچووان و ئەوانەی کێشەی تەندروستیی دیکەیان هەبووە.

ئەوانەی حەپەکەیان وەک چارەسەر پێدراوە تەنها 7%یان داخڵی نەخۆشخانە کراون، لەکاتێکدا ئەوانەی چارەسەرەکەیان پێنەدراوە 14%یان داخڵی نەخۆشخانەکراون.

هیچ کەسێکیش لەوانەی حەپەکەیان وەرگرتووە گیانیان لەدەستنەداوە، لەکاتێکدا هەشت لەوانەی وەریاننەگرتووە گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پێشتر

تەقینەوەیەك لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداد ڕوویدا

بابەتی دواتر

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: 309 وێستگەی دەنگدان تایبەتکراوە بە ئاوارەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share