ئەمریکا و ڕوسیا کۆتا سەنگەری بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆردومان دەکەن

لەماوەی یەک هەفتەدا ئەمریکا و ڕوسیا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دوو هێرشیان ئەنجامداوە، لە کاتێکدا ئەم چەکدارانە پێشتر لەلایەن تورکیاوە ڕێکدەخران و بە ئاسانی ڕێگەی نەدەدا بۆردومان بکرێن.

ناوچەی بۆردومانکراو کە دەکاتە پارێزگای ئیدلیب کۆتا سەنگەری بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە کە لەوێوە بە پشت بەستن بە تورکیا دەیەوێت مانەوەی خۆی بسەلمێنێت.

ئەمریکا و ڕوسیا هێرش دەکەنە سەریان

دوێنێ 26ی تشرینی یەکەم سوپای ڕوسیا ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنانی گروپی چەکداری”فیلق الشام” ی ناو سوپای ئازادی سوریا لە ناوچەی جەبەل الدویلە بۆردومان کرد و زیاتر لە 40 چەکداری ڕاهێنراو کوژران.

ڕۆژی 24ی ئەم مانگە سوپای ئەمریکا لە چەند هێرشێکی ئاسمانیدا لە پارێزگای ئیدلیب چەندین ئەندامی ڕێکخراوی چەکداریی قاعیدەی کردووەتە ئامانج.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر هێرشەکە ئاشکرایکرد، “لە هێرشەکاندا کە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدران 14 کەس کوژراون”.

بەپێی زانیارییەکانی میدیا ڕوسییەکان هێرشەکە کاتێک ئەنجامدراوە کە نزیکەی 90چەکدار مەشق و ڕاهێنانیان تەواو کردووە و ئامادەبوون بۆ شەڕ، بەڵام لەو کاتەدا بە کۆمەڵ کراونەتە ئامانج.

پێشتر تورکیا پارێزگاری لەم گروپە چەکدارانە دەکرد کە لە پارێزگای ئیدلیب نیشتەجێن و تاکە شوێنی کارکردن و جوڵە و خۆپێگەیاندنی چەکدارەکانە.

بەهۆی زۆربوونی هێرشەکان و بێدەنگی تورکیا لەسەر ئەم پرسە پێدەچێت تورکیا چەکدارەکانی بە تەنها جێهێشتبێت، چونکە پێشتر سوپای تورکیا بنکە و بارەگای خۆی لەناو چەکدارەکان دادەنا و بەم کارەش ڕێگری دەکرد لە ئەنجامدانی هێرش لەلایەن ئەو وڵاتانەوە.

لە کۆتا هەوڵی گرتنەوەی پارێزگای ئیدلیب لەلایەن سوپای سوریاوە سوپای تورکیا هەمان تەکنیکی بەکارهێنا و بەشێک لە سوپاکەی خۆی دابەشکرد بەسەر بەرەکاندا، کاتێکیش دوو ئەندامی سوپای تورکیا لە بۆردومانێکی سوپای سوریا کوژران تورکیا دەستیکرد بە هاوکاری خێرا بۆ چەکدارەکان و پێشڕەویکردن لەگەڵیاندا.

هێرشەکەی سوپای ڕوسیا لە کاتێکدایە کە ئاگربەست لەنێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن و سوپای حکومەتی سوریادا هەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، دوای ئەنجامدانی هێرشەکە وتەبێژی “بەرەی ئازادی میلی سوریا” یان “فەیلەقی شام” ڕایگەیاند، ئەمە بەمانای دەستپێکردنەوەی شەڕە.

بابەتی پێشتر

بڵند عه‌بدوڵا دەڵێت: ‘به‌ یه‌ك ناگه‌ین’

بابەتی دواتر

دوای زیاتر لە مانگێک بۆ یەکەمجار ترەمپ پێش بایدن دەکەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share