بۆمبی دەستی و سەرپەڕاندن.. زیاتر لە 100 كەس لە بەندیخانەیەكی ئیكوادۆر كوژران

كەسوكاری بەندكراوان لە بەردەم بەندینخانەكەدا كۆبوونەتەوە

زیاتر لە 100 بەندكراو كوژران و دەیانی دیكە برینداربوون لە یەكێك لە توندوتیژترین كارەكانی ئاژاوەگێڕی لە بەندیخانەكانی ئیكوادۆردا، شەڕەكە لەسەر قەڵەمڕەوی و باڵادەستیی باندەكان بووە.

توندوتیژییەكان كاتژمێر 09:30ی بەیانی ڕۆژی سێشەممە بووە، باندەكان تەقە و تەقینەوەیان بەكارهێناوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی یەكێك لە یەكەكانی بەندیخانەی سەرەكی لە گوایاكیل پایتەختی ویلایەتی گوایاس، وەك ئەوەی پۆلیسی وڵاتەكە ئاماژەی پێداوە.

جەنەراڵ فاوستۆ بۆنینۆ، فەرماندەی پۆلیسی هەرێمەكە ڕایگەیاند، لانیكەم شەش لە كوژراوەكان سەربڕدراون، نزیكەی 52ی دیكە برینداربوون.

گیێرمۆ لاسۆ، سەرۆكی ئیكوادۆر ئێوارەی چوارشەممە باری لەناكاوی لە سەرجەم بەندینخانەكانی وڵات ڕاگەیاند و لە تویتێكدا بڕیارەكەی ئاشكراكرد.

ماوەی چەند مانگێكە بەندیخانەكانی ئیكوادۆر كاری توندوتیژییان لەنێو باندەكاندا تێدا دووبارە دەبێتەوە، كە لە ململانێدان بۆ ئەنجامدانی دزەپێكردنی ماددەی هۆشبەر، وەك ئەوەی دەسەڵاتداران ئاماژەی پێدەدەن.

لە شوباتی ڕابردوو ڕووداوێكی هاوشێوە لە چوار بەندیخانەی سەرەكی وڵاتەكە كوژرانی 79 كەسی لێكەوتەوە، كە هەندێكیان بە سەربڕین بووە.

ساڵی ڕابردوو 103 حاڵەتی كوشتن لە بەندیخانەكاندا تۆماركراون، بۆ ئەمساڵ ژمارەكە تائێستا گەیشتووەتە 221 كوژراو.

بەندیخانەكانی وڵاتەكە 39 هەزار بەندكراویان تیادایە، لەكاتێكدا ئەوپەڕی توانایان بۆ 30 هەزار كەسە، پارێزگاریكردنیشیان لەلایەن 1500 پاسەوانەوەیە لەكاتێكدا كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتییان پێویستی بە چوار هەزار كارمەندە.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

بۆ پشتیوانیی خۆڤاكسینكردن بانكی نێودەوڵەتی 100 ملیۆن دۆلاری دایە عێراق

بابەتی دواتر

عێراق بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە جیهان دادەبڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share