چەند خواردنەوەیەكی چێشتخانەکەت دەتوانێت وزەبەخشێکی 100% سروشتی بێت

چەند خواردنەوەیەکی سروشتیی وزەبەخش هەن، دەکرێت لە ماڵەکەتدا ئامادەیبکەیت و ببنە جێگرەوەی ئەو خواردنەوە وزەبەخشانەی کە لە بازاڕەکاندا دەیانکڕن، هەروەها ئەو خواردنەوانە وزەبەخشی 100% سروشتین.

پێگەی “بۆڵدسکای” تایبەت بە پرسە تەندروستییەکان بڵاویکردەوە، “پسپۆڕانی خۆراک ئامۆژگاریمان دەکەن بە ئامادەکردنی خواردنەوە و شەربەتە سروشتییەکان لە ماڵەکانی خۆماندا، بۆ دوورکەوتنەوە لە پێکهاتە کیمیاییەکان و خۆپاراستن لە شەکرە زیانبەخشەکانی ناو شەربەت و خواردنەوە ئامادەکراوەکان”.

10 جۆر خواردنەوە کە دەتوانین لەماڵەکانماندا ئامادەیبکەین، وەک وزەبەخشێکی 100% سروشتی:

یەکەم: ئاوی گوێزی هیندی و لیمۆ

ئاوی گوێزی هیندی یەکێکە لە بەسوودترین خواردنەوە سروشتییەکان بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە، تێکەڵکردنی ئاوی گوێزی هیندی لەگەڵ لیمۆ خواردنەوەیەکی سروشتیی دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و دەتوانێت وزەیەکی زۆر بە جەستە ببەخشێت و کاری مێشک و کۆئەندامی دەمار چالاکدەکات.

دووەم: زەنجەبیل و هێل

ئەم دوو جۆرە خۆراکە لە بابەتی بەهاراتەکانن، زەنجەبیل هەڵگری “جینجیرۆڵ”ــە، کە یارمەتیدەرێکی باشە لە سوتاندنی چەوری و کەمکردنەوەی کێش، شەربەتی زەنجەبیل و هێل دەوڵەمەندە بە ئۆکسیدەکان و وزەی جەستە بەرزدەکاتەوە.

سێیەم: شەربەتی مۆز و شیر

ئەو دوو خۆراکە ناسراون بە سوودە زۆرەکانیان، یارمەتیی جەستە دەدات لەبەرهەمهێنانی ئەنزیمەکاندا، دەوڵەمەندە بە ژمارەیەک لە ڤایتامین و کانزاکان، بە نمونەی پۆتاسیۆم و فۆسفۆڕ.

چوارەم: مانگۆ

شەربەتی مانگۆ لە بەناوبانگترین خواردنەوە وزەبەخشەکانە، یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی لای خەڵک ئەوەیە چەوری دەستوتێنێت، هەر مانگۆیەک هەڵگری 100 دەنکۆڵەی گەرمییە.

پێنجەم: هەنگوین

بەدرێژایی سەردەمەکان هەنگوین بە یەکێک لە بەرهەمە هەرە بەسوودەکانی سروشت دانراوە، یەکێکە لە کۆنترین شیرینییەکان بەر لە دروستکردن و دۆزینەوەی شەکر کە مرۆڤ بەکاریهێناوە، جەستە دەتوانێت بەخێرایی گلوکۆزی پێویست لە هەنگوینەوە وەرگرێت هەروەها وزەبەخشێکی خێرا و بەهێزە.

شەشەم: ئاوی جۆ

جۆ لە پێکهاتەکەیدا ترشە ئەمینییەکان هەیە، کە یارمەتیدەرێکی خێرای بەرزکردنەوەی وزەی جەستەیە.

حەوتەم: شەربەتی گێزەر

شەربەتی گێزەر جەستە پاکدەکاتەوە ماندوێتی ناهێڵێت، یارمەتیدەرێکی بەهێزی کەمبوونەوەی کێش و وزە بەخشێکی خێرایە.

هەشتەم: شەربەتی پرتەقاڵ

پرتەقاڵ لە دەوڵەمەندترین ئەو میوانەیە کە ڤایتامین Cیان تێدایە، یەکێکە لە سەرچاوەکانی وزەی جەستە، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤایتامینەکانی دیکە و کانزاکان.

نۆیەم: ئاوی لیمۆ

پۆتاسیۆم لە پێکهاتە سەرەکییەکانی لیمۆیە و هاۆکارێکی یارمەتیدەری خێرایە لە بەرزکردنەوەی وزەی جەستە.

دەیەم: شیر

خواردنەوەی شیر دەوڵەمەندە بە ڤایتامین B12 و پرۆتین، هەروەها یەکێکە لە بەهێزترین خواردنەوە وزەبەخشەکان، پسپۆڕانی خۆراک ئامۆژگاریمان دەکەن لە حاڵەتی هەستکردن بە ماندوێتی لەسەر کار یان وەرزشکردن، کوپێک شیر دەتوانێت وزەی پێویستمان پێبدات.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا داوا لە چین دەكات كڕینی نەوتی ئێران كەمبكاتەوە

بابەتی دواتر

هاتوچۆی ڕاپەڕین: لە ڕووداوێکی هاتوچۆی پاسێکی خوێندکاراندا دوو خوێندکار گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share