بافڵ تاڵەبانی لەبارەی كەركوكەوە: لە مافی نەتەوەیی خۆمان خۆشنابین

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی سەردانەكەی بۆ كەركوك ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، کەرکوکییەکان بە خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتی و شارەكەش بە قەڵای سەوزی پێکەوەژیان و برایەتی وەسفدەكات.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هۆشداریش دەدات لەوەی، ئەو غەدرانەی لە کەرکوکییەکان دەکرێن و بەردەوامیی هەیە، خەریکە دەگاتە ئاستێک کە قابیلی قبوڵ نابێت، دووپاتیشیدەكاتەوە، “باوەڕمان بە شەراکەت و پێکەوەژیانە، بەڵام لە مافی نەتەوەیی خۆشمان خۆشنابین”.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی كەركوك :

کەرکوک بۆ ئێمە قودسی کوردستانە، قەڵای سەوزی پێکەوەژیان و برایەتی ھەموو نەتەوە و پێکھاتە رەسەنەکانی شارەکەیە.

کەرکوک ئەمانەتی مام، خوێنی شەھیدان و کوڕانی شۆڕشی نوێیە کە خوێنیان بۆ بەخشی و بۆ ساتێکیش کەرکوکییەکانیان جێنەھێشت، بۆیە کەرکوکییەکان خاوەنی راستەقینەی یەکێتین.

یەکێتیش وەک حیزبێکی دەربەست و پەیوەست بەرێبازی مام و خوێنی شەھیدان ھەر لەگەڵ کەرکوکییەکان دەمێنێتەوە ئێستا و ئایندەش بەهەمان ڕوحیەتی کارکردنەوە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە پیرۆزە دەبین و دەستبەرداری نابین.

ئێمە باوەڕمان بە ئاشتی، برایەتی و پێکەوەژیانە بەڵام ئەو غەدرانەی کە لە کەرکوکییەکان ئەکرێت و بەردەوامی هەیە خەریکە ئەگاتە ئاستێک کە قابیلی قبوڵ نابێت.

دەستی برایەتی بۆ ھەموو نەتەوە و پێکھاتە و ئایینزاکان درێژدەکەین و باوەڕمان بە شەراکەت و پێکەوەژیانە، بەڵام لە مافی نەتەوەیی خۆشمان خۆشنابین.

دڵنیاتان دەکەینەوە کە رێچکەی مام بەرنادەین، کەرکوک و کەرکوکییەکان شادەماری خوێنی نوێبوونەوەی یەکێتین و پێکەوە بەرەو ئاسۆیەکی روونتر ھەنگاودەنێین.

بافڵ تاڵەبانی

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share