ئەمشەو فیلمە نوێیەكەی جەیمس بۆند نمایشدەكرێت

فیلمە نوێیەكەی جەیمس بۆند بەناوی “No Time To Die” كە دانیاڵ كرەیگ ڕۆڵە سەرەكییەكەی دەگێڕێت، ئەمشەو نمایشدەكرێت.

نمایشەكەی ئەمشەو بریتییە لە ئاهەنگی “كردنەوەی فیلمەكە” كە لە هۆڵی ئەلبێرتی شاهانە لە لەندەن دەبێت و لە شەوی سبەینێوە، نمایشكردنی فیلمەكە بەشێوەیەكی بەرفراوان لە هۆڵەكانی تری سینەما دەستپێدەكات.

كۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمەكە ئاشكرایكردووە كە “No Time To Die” دەبێتە پڕبینەرترین فیلمی كۆمپانیاكە لە ساڵی 2019ـەوە تا ئێستا، بەوپێیەی تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی بەر لە نمایشكردنی فیلمەكەدا، 175 هەزار بلیت فرۆشراون.

ڕۆژنامەی هۆڵیوود ڕیپۆرتەر لەبارەی فیلمەكەوە بڵاویكردەوە، “ئەمە كۆتا ڕۆڵگێڕانی دانیاڵ كرەیگ دەبێت لە زنجیرە فیلمی جەیمس بۆنددا و دوای ئەو ڕۆڵەكە دەدرێت بە ئەكتەرێكی تر”.

ئەمە پێنجەم فیلمە لە زنجیرە فیلمی جەیمس بۆند كە دانیاڵ كرەیگ ڕۆڵی پاڵەوانێتییان بگێڕێت، لە هەموو بەشەكاندا كرەیگ ڕۆڵی سیخوڕێكی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا MI6 بەژمارە 007 دەبینێت.

میدیای بەریتانی فیلمەكە بە ڕزگاركەری سینەما ناوزەددەكات و دەڵێت، “سینەما ساڵێكی نالەباری بەڕێكرد، بەڵام جەیمس بۆند هات و سینەمای لەو دۆخە ڕزگاركرد”.

زنجیرە فیلمی جەیمس بۆند، تا ئێستا 26 فیلمی لێبەرهەمهێنراوە، یەكەم فیلم لە ساڵی 1962دا بەرهەمهێنراوە و شۆن كۆنری ڕۆڵی سیخوڕی 007ی گێڕاوە، بەدوای ئەویشدا چەندین ئەكتەری تر ڕۆڵەكەیان گێڕاوە لەوانە جۆرج لازێنبی، ڕۆجەر مۆر، تێمۆسی داڵتۆن و پیرس برۆسنان.

كارەكتەری جەیمس بۆند كە سیخوڕی ژمارە 007ی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیایە، كەسایەتییەكی خەیاڵییە و لە زنجیرە ڕۆمانەكانی ئەدیب و ڕۆژنامەنووسی بەریتانی ئییان فلیمینگەوە وەرگیراوە.

بابەتی پێشتر

ئیڵۆن مەسك بووەوە بە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان

بابەتی دواتر

خولوسی ئاكار باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share