وانەی ڕووداوەكانی ئەفغانستان لە زاری بەرهەم ساڵحەوە

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئه‌و وانه‌یەی ده‌بێت له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌فغانستانه‌وه‌ فێری بین ئەوەیە كە گه‌نده‌ڵی ڕێگری له‌ سه‌قامگیری ده‌كات و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌شه‌ له‌ به‌رده‌م پیاده‌كردنی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروستدا.

بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ کەناڵی CNN، كە نووسەر و میدیاكاری بەناوبانگ “فەرید زەكەریا” پێشكەشیكرد، ڕایگەیاند، “ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مریكا و جیهان له‌ ئه‌فغانستان مایه‌ی په‌ند و ئامۆژگارییه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئاستی پشتیوانیی نیوده‌وڵه‌تی و قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كانیش گه‌وره‌بن، بەڵام بێ بوونی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست و پشتیوانی گه‌لی خۆت، ناتوانی له‌سه‌ر پێی خۆت ڕاوه‌ستی و به‌رده‌وام بیت”.

وتیشی، “ئه‌و وانه‌یەی ده‌بێت له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌فغانستانه‌وه‌ فێری بین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵی ڕێگری له‌ سه‌قامگیری ده‌كات و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌شه‌ له‌ به‌رده‌م پیاده‌كردنی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروستدا، ئومێد ده‌كه‌م سوود له‌و په‌ند و ئامۆژگارییه‌ وه‌رگرین”.

سەرۆك كۆمار ئاماژە بە كاریگەریی ڕووداوەكانی ئەفغانستان لەسەر عێراقیش دەكات و دەڵێت، “ده‌بێت ووریابین و خه‌می چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌ی خۆمان بێت، ده‌بێت بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی وڵاته‌كه‌مان پشتمان به‌ شه‌رعیه‌تی حوكمڕانی و هێز و بازووی خۆمان قایم بێت، ئێمه‌ له‌ ئێستا و ئاینده‌شدا پێویستی زۆرمان به‌ پشتیوانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ده‌بێت خۆمان ده‌رمانی ده‌ردی خۆمان بكه‌ین و په‌ره‌ به‌ وڵاته‌كه‌مان بده‌ین”.

دەربارەی نیگەرانی و دوودڵی عێراق لە ئەگەری مانەوە یان جێهێشتنی هێزەكانی ئەمریكا بەرهەم ساڵح دەڵێت، “پێموایه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی هاریكار و پشتیوانمان بوون، به‌ڵام هێشتا پێویستی زۆرمان به‌وه‌یه‌ بره‌و به‌ لایه‌نی‌ ئابوریی وڵاته‌كه‌ی خۆمان بده‌ین و كۆمه‌ڵگەكه‌شمان ڕووەو ئاستێكی باشتر به‌رین”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “پێویستی زۆرمان به‌وه‌یه‌‌ په‌یڕه‌وی له‌ بنه‌ماكانی حكومڕانییه‌كی ته‌ندروست بكه‌ین، خۆمان به‌دووربگرین له‌ گرتنه‌به‌ری میكانیزمە سه‌ربازییه‌كان و ڕووبكه‌ینه‌ پیاده‌كردنی میكانیزمه‌كانی گەشەپێدان، چونكه‌ گه‌لی ئێمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ی گه‌لی ئه‌مریكا داوای پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری فێركردن و ته‌ندروستی باشمان لێده‌كات، داواكارن به‌ شكۆوه‌ بژین و سه‌روه‌ری یاسا به‌رقه‌رار بێت، هیواخوازم ئه‌و كاره‌مان پێبكرێت و هیوا و ئاواته‌كانی گه‌له‌كه‌مان بێنینه‌دی”.

سەبارەت بە پرسیاری ئەگەری ئاساییكردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سعودیە و ئێران، سەرۆك كۆمار ڕایگەیاند، “هیوادارم وابێت، ڕاسته‌ كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستیان له‌پێشن، به‌ڵام ئومیده‌وارین ئه‌م كاره‌ زوو به‌ زوو ڕووبدات و بگاته‌ ئامانج، له‌ كۆتایشدا ئێمه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دراوسێی یه‌كترین و ئه‌گه‌ر ناكۆك و ناته‌باش بین، هه‌ر ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رده‌وامبن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا بكه‌ین، له‌ بری ئه‌وه‌ی بایكۆتی یه‌كتر بكه‌ین، وا باشتره‌ ناكۆكییه‌كانی نێوانمان تاوتوێ بكه‌ین”.

بابەتی پێشتر

مۆراتا و دیبالا دوای پشووەکان دەگەڕێنەوە

بابەتی دواتر

فیفا 22 کریستیانۆی لە لیستی 10 باشترین لێدەرکەرەکاندا دەركردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share