زانكۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی كارادەكرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان ئەنجامدا، وتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێت، لە چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا زانكۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی كارادەكرێت.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا سایتی زانكۆلاین تایبەت بە دەرچووانی 12ی ئامادەیی كارادەكرێت.

وتیشی، “لەدوای كاراكردنی، دەرچووان دەتوانن داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكان تۆماربكەن”.

ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە تاوتوێكردنی شێواز و پلانەکانى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ئەنجامدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، “بۆ یەکەمجار لە مێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوو، توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى 12ى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخانبکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین”.

دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بە ڕەچاوکردنى كوالێتی خوێندن و لە چێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، بۆ ئەمەش بە زانکۆکانى ڕاگەیاند، بەڕەچاوکردنى كوالێتی، زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنن، لەو چێوەیەشدا وەزارەت هاوکار و پاڵپشتى زانکۆکان دەبێت.

بابەتی پێشتر

عێراق ژمارەی شوێنەوارە دزراوەكان ئاشکرادەکات

بابەتی دواتر

هەپەگە شێوازێكی یارمەتیدانی توركیا لەلایەن پارتییەوە ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share