لە مانگی ئابی ڕابردوودا عێراق بڕی 95 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و کۆی داهاتەکەشی 6.5 ملیار دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ئاماری فرۆشتن و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئاب بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو مانگەدا 95 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت 69.2 دۆلار بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوت، کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت لە مانگی ڕابردوودا 6.5 ملیار دۆلار بووە.
تائێستا عێراق لە داهاتەکانیدا بەڕێژەی نزیكەی 96% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.
عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپیك-دا، دوای سعودیە، دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە بە بەرهەمهێنانی 4.6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە حاڵەتی ئاساییدا.
لە هەفتەی ڕابردوودا ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتانی جیهان دەیانەوێت نرخی نەوت لە 70 دۆلاردا بمێنێتەوە.