بافڵ تاڵەبانی: کەرکوک لای یەکێتی هێڵی سورە

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی لە کەرکوک کۆبووەوە و ڕایگەیاند، کەرکوک بۆ یەکێتی هێڵی سوورە و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تایبەتمەندی و کوردبوونی کەرکوک بپارێزین.

لە کۆبوونەوەکەدا دوای ئەوەی سەرکردایەتی کەرکوک ڕاپۆرتێکیان لەسەر کۆی ھاوکێشە، پرسە سیاسی و ئەمنییەکان، دۆخی کورد لە ناوچەکە و ھەڵمەتی سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان خستەڕوو، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرد، کە ڕەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و بەرژەوەندییە گشتییەکانە و ڕوونیکردەوە، کەرکوک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و وەک سەرۆک مام جەلال فەرموویەتی قودسی کوردستانە، لەبەرئەوە خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوییەکان لەپێشینەی خەباتمان دەبێت.

ھاوسەرۆک ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، “ڕاستە لە دەرئەنجامی ڕیفراندۆم و بەھەند وەرنەگرتنی پێشنیاری وڵاتانی دۆستمان زیانی گەورەمانکرد، بەڵام بێھیوا نەبووین و یەکێتی بۆ ساتێکێش کەرکوکییەکانی جێنەھێشت، کە ئەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی ئێمە بووە لە داھاتووشدا ھەر لێرە دەمێنینەوە و خزمەتدەکەین، ئەرکی سەرکردایەتی کەرکوکیشە پارێزەری راستەقینەی بەدیھێنانی داواکارییەکانی کەرکوکییەکان بن و زیاتر لەناو خەڵک بن و خزمەتی شارەکە بکەن”.

سەبارەت بە کاری رێکخراوەیی و ئۆرگان و ناوەندەکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕونیدایە ئامادەبووان و ھێڵەگشتییەکانی حزبی لەچەند ئاستێکدا ڕوونکردەوە، کە کاری لەسەر بکرێت.

بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان و سەرخستنی کاندیدەکانی بافڵ تاڵەبانی، وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و لیژنەی بانگەشە لە کەرکوک، روونیکردەوە “سەرکەوتنی ھاوپەیمانی کوردستان لە کەرکوک زامنی پاراستنی کوردبوونی شارەکە و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانە،  لەبەرئەوە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لە کەرکوک دەنگی یەکەم بهێنین و ھاوپەیمانیی کوردستان ببێتەوە سەرمەشقی بەردەوامی خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوکییەکان”.

بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەربڕی، کە کەرکوکییەکان لەم وێستگەی سەرکەوتنەشدا پشکی شێریان بەردەکەوێت و وەک ھەمیشە لە پێشەوەی دەنگدان دەبن و ھاوپەیمانییەکەی خۆیان سەردەخەن.

بابەتی پێشتر

لازیۆ 3-2 ڕۆما

بابەتی دواتر

پۆلیسی هەولێر دووكەسی لە گۆڕستانێكدا دەستگیركرد كە ماددەی هۆشبەریان بەكاردەهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share