هەڵوێستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی كۆبوونەوەكەی هەولێر

وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش ڕایدەگەیەنێت، هیچ یەكێك لە بەشداربووانی کۆنگرەکەی هەولێر پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.

وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەی کۆبوونەوەكەی هەولێر كە ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاندووە، “دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکمان بەو کۆنگرەیەوە نییە کە لە هەولێر بەڕێوەچوو و هیچ زانیارییەکی پێشوەختەشمان نەبوو لەبارەیەوە”.

باسی لەوەشكردووە، “وەکو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هیچ جۆرە پشتیوانییەک و هاوسۆزییەکمان بۆ بەشداربووانی کۆنگرەکە نییە”.

ڕۆژی هەینی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەك بەناوی “السلام و الاسترداد” بەڕێوەچووە، ژمارەیەكی زۆر سەرۆك عەشیرەتی عەرەبی سوننی و شیعی تیایدا بەشداربوون، داوایانكردووە پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل ئاسایی بكرێنەوە.

بەڵام كۆنگرەكە و داواكارییەكە كاردانەوەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق لێكەوتەوە و ڕەتكرایەوە.

لەو چێوەیەشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتیی كۆمار، چەند حزب و لایەنێكی دیكەی عێراقی كاردانەوەی نەرێنییان هەبوو.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتیكردەوە، “کۆبونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچووە، ئەم کۆبوونەوەیە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات”.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، ئەوانەی بەشداربوون لە كۆنگرەكەدا لە هەرێمی كوردستان دەردەكرێن.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ كەسوكاری زیندانیكراوانی بادینان: ئەو دۆخەی دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە

بابەتی دواتر

هاوژینەكەی ئەردۆغان كتێبێكی چێشتلێنان بە 112 هەزار دۆلار چاپدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share