فەرمانی دەستگیركردن بۆ سێ بەشداربووی كۆنگرەكەی هەولێر دەرچوو

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق یاداشتی دەستگیركردنی بۆ سێ لە بەشداربووانی كۆنگرەی ئاشتی و ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل دەركرد و بەڵێنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بەشداربووانی دیكەش دەدات.

ئەنجومەنەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخی یەك لەسەر بنەمای زانیاری پێشكەشكراو لە ڕاوێژكارێتی ئاسایشی نەتەوەیی یاداشتی دەستگیركردنی دەرهەق بە (وسام حەردان) دەركرد بەهۆی ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە بانگەشەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل.

ئاشكراشیكردووە، “هەروەك یاداشتی دەستگیركردن دەرهەق بە (میسال ئالوسی) و (سەحەر كەریم تائی) فەرمانبەر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەهەمان تاوان دەرچووە”.

ئەنجومەنەكە ئاماژە بەوەشدەكات كە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەودوای بەشداربووان دەگیرێتەبەر لەدوای زانینی ناوی تەواویان.

ڕۆژی هەینی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەك بەناوی “السلام و الاسترداد” بەڕێوەچووە، ژمارەیەكی زۆر سەرۆك عەشیرەتی عەرەبی سوننی و شیعی تیایدا بەشداربوون، داوایانكردووە پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل ئاسایی بكرێتەوە.

بەڵام كۆنگرەكە و داواكارییەكە كاردانەوەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق لێكەوتەوە و ڕەتكرایەوە.

لەو چێوەیەدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتیی كۆمار، چەند حزب و لایەنێكی دیكەی عێراقی كاردانەوەی نەرێنییان هەبوو.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتیكردەوە، “کۆبونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچوە، ئەم کۆبونەوەیە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات”.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، ئەوانەی بەشداربوون لە كۆنگرەكەدا لە هەرێمی كوردستان دەردەكرێن.

 

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. ژاپۆن ڕۆبۆتێک هاوشێوەی منداڵ بۆ كەسە تەنیاكان دروستدەکات

بابەتی دواتر

توركیا ڕازی نییە ناوی "كوردستان" بە كۆڕبەندە ئابورییەكەی هەولێرەوە بێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share