دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە دانیشتنی پەرلەمان کە بڕیاربوو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئازار لە کاتژمێر 11:00 بەڕێوەبچێت بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواخرا.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تەنها 213 پەرلەمانتار ئامادەبوون ئەو ژمارەیەش نیسابی یاسایی تەواو ناکات بۆ دانیشتنەکە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشێک لە لایەنەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکردووە هۆکارەکەشی بۆ مادەکانی یاسای دادگای فیدراڵی دەگەڕێتەوە”.

لەلایەکی دیکەوە شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئێستا ئەو کاتژمێرەی دانرابوو بۆ دواخستنی دانیشتنەکە کۆتاییهاتووە بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی دیارنییە”.

ڕاشیگەیاند کە ناکۆکی لایەنەکانی ناو پەرلەمان  لەسەر مادەکانی 2، 3 و 12یە بەتایبەت پرسی چۆنێتی دەنگدان لە ناو دادگای فیدراڵیدا خیلافی زۆری لەسەر و هیچ ڕێککەوتنێک تاوەکو ئێستا نەکراوە لەسەری”.

ڕۆژی شەممە 13ی ئازار سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژی دووشەممە 15ی ئازار کۆدەبێتەوە و دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵیی عێراق.

پێشتر پەرلەمانی عێراق ڕەتیکردەوە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بخاتە دانیشتنەکەوە چونکە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە و لایەنە شیعەکان ڕێککەوتنیان لەسەر نەکردووە.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی هەولێر لەبارەی ئۆتۆمبیلە بێ سەرەتاکانەوە ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە

بابەتی دواتر

دەربارەی نرخی دۆلار داوایەك ئاراستەی حكومەت دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share