بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی وەک هێزێکی بەرپرسیار بەردەوامە لە پاراستنی کورد و هەرێمی کوردستان

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بیستەمین ساڵیادی کارەساتی خێڵی حەمەدا ڕایگەیاند، هێشتا مەترسییەکانی تیرۆر کۆتاییان نەهاتووە، هاوکات یەکێتی وەک هێزێکی بەرپرسیار بەردەوامە لە پاراستنی هەرێم و میلـلەتی کورد.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ یادی پۆلێك شەهیدی قارەمان و تێكۆشەر دەكەینەوە كە دوور لە هەموو بەهایەكی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤانە، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لەلایەن تیرۆریستانی جوندولئیسلام و ئەنساڕولئیسلامەوە بەدیلگیران، شەهیدكران و تەرمەكانیان شێوێندرا، لەیادی ئەو كارەساتەی بەرامبەر بە گەلەكەمان و یەكێتی ئەنجامدرا، دووپاتیدەكەینەوە كە یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار لە ئاست وڵات و میلـلەتە سەربەرزەكەمان بەردەوامدەبێت لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر”.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆرمان داوە و مێژوو شاهیدی ئەو ڕاستییەمان بۆدەدات كە هەمیشە یەكێتی بە خوێنی ڕۆڵەكانی كوردستانی پاراستووە، ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە خانەقینەوە تا مەخموور و لەوێوە بۆ ڕۆژئاوا و كۆبانێ نمونەی ئەم ڕاستییەن، بە پێویستیشی دەزانم لەم یادەدا سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ھێزەکانی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاریی ھەرێم و دژەتیرۆر بکەم کە لەماوەی ڕابردوودا بەپشتیوانیی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان چەندین پیلانی تیرۆریستییان شکستپێھێناوە و ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمدا”.

لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆرەوە بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، “لەكاتێكدا كە هێشتا مەترسییەكانی تیرۆر كۆتاییان نەهاتووە و بیری توندڕەوی ڕیشەكێشنەكراوە، پێویستە هەموومان بەستراتیژێكی نوێوە ڕووبەڕووی مەترسییەكان ببینەوە و یەكدەست و یەكدەنگ بین لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەرانتر”.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، “جارێکیتر سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کارەساتی خێڵی حەمە و هەموو شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنم و بەڵێندەدەین وەفاداربین بەرامبەر خوێنی شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەكانیان”.

بابەتی پێشتر

پێنج یاریزانی ڕیاڵ مەدرید بەهۆی پێكانەوە بەشداریی ڕاهێنانەكانیان نەكردووە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: چیتر ڕێگە نادەین دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share