عێراق هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی موڵكەكانی سەردەمی سەدام لە سویسرا دەدات

وەزارەتی دادی عێراق ئاشكرایدەكات داوایەكی یاسایی لە ئوردن تۆماركردووە بۆ گەڕاندنەوەی سامانە دەستبەسەرداگیراوەكان و دەشڵێت، ئەو موڵكانەش كە بە ناوی عێراقەوەن لە سویسرا بەمنزیكانە دەخرێنەسەر حكومەت.

حەنان مونزیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، داوایەكی یاساییان لە ئوردن تۆماركردووە بەهۆی ئەوەی یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین پارە و سامانی دەستبەسەرداگیراوی عێراقی لایە و تیایدا داوای گەڕاندنەوەیان كردووە و لەئێستادا لەلایەن دادگاوە چاوپیاخشانەوەی پیادا دەكرێت.

ئاژانسی هەواڵی عێراق لەسەر زاری حەنان وتیشی، گەڕاندنەوەی سامانە دزەپێكراوەكان تەنها دراوی نەختینە ناگرێتەوە “بەڵكو موڵك و زێری ناو سندووقی بانكی لە سویسرا هەن و كار لەسەر هێنانەوەی دەكەین”.

بە وتەی ئەو چەندین موڵك بەناوی عێراقەوە هەن كە دەخرێنەسەر حكومەتی عێراق لە سویسراوە. ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی داهاتوو كاری زۆری لەو جۆرە ئەنجامدەدرێت.

بەرپرسەكەی وەزارەتی داد ڕوونیشیكردەوە، وەزارەتەكەی ڕێوشوێنی یاسایی و ڕێگای سكاڵا دەگرێتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی پارە و سامانە دزەپێكراوەكان.

لە 23ی ئایاری ڕابردوو بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پرۆژەیاسای گێڕانەوەی پارە و سامانە دزراو و بە تاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات، ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

لە وتەیەكیشدا بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند، لە ساڵی 2003وە عێراق هەزار ملیار دۆلار (یەك ترلیۆن دۆلار)ی بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەستداوە، هەروەها 150 ملیار دۆلاریش لە گرێبەستە گەندەڵییەکاندا براوەتە دەرەوە.

وتیشی، “گەندەڵی زیانی گەورەی بە ئابوریی عێراق گەیاندوە و پارەیەکی زۆری وڵات بە گەندەڵی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی كشتوكاڵ باجی لەسەر هاوردەكردنی پێنج بەرهەمی كشتوكاڵی هەڵگرت

بابەتی دواتر

لە بۆسەیەكی داعشدا لە نزیك كفری دوو كەس كوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share