خوێندكارێكی عێراقی بریندارە.. تەقەكردن لە زانكۆیەكی ڕوسیادا ڕوویدا

دیمەنێكی زانكۆكە پاش هێرشەكە

هێرشێكی چەكداری بۆسەر زانكۆی بیرمی روسی لە ناوچەی ئۆرال بووە هۆی كوژرانی هەشت كەس و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە.

ڕووداوەكە ئەمڕۆ بووە و بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی ڕوسیا جگەلە كوژراوان 24 كەس برینداربوون، كە حەوتیان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دۆخی یەكێكیان ناجێگیرە.

وەزارەتی ناوخۆی ڕوسیا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان ئەنجامدەری هێرشەكەیان دەستگیركردووە.

یەكێك لە برینداربووانی ڕووداوەكە خوێندكارێكی عێراقییە، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتی، وەزارەتەكەیان لەڕێی باڵیۆزخانەی بەغداد لە موسكۆ بە گرنگییەوە لە دۆخی ئەو خوێندكارە دەڕوانێت.

سایتی حوڕە لە زاری عەبدولڕەحمان حسێنی، باڵیۆزی عیراق لە ڕوسیا ڕایگەیاند، دۆخی خوێندكارەكە سەقامگیرە، ناوی ئاشكراناكرێت بەر لە ئاگاداركردنەوەی كەسوكارەكەی.

بریندارە عێراقییەكە خوێندكاری قۆناغی چوارەمی كۆلێجی دەرمانسازییە و لەكاتی ڕووداوەكەدا لەگەڵ خوێندكارێكی دیكەی عێراقیدا پارێزگارییان لە یەكێك لە هاوڕێكانیان كردووە و لەوكاتەدا بەكاریگەری تەقەكردنەكان برینداربووە.

زانكۆی بیرم دەكەوێتە نزیكەی 1300 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی مۆسكۆ.

بابەتی پێشتر

کاریگەرییەکانی موزیک لەسەر مرۆڤ

بابەتی دواتر

حكومەتی نوێی لوبنان متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share