داڤینسۆن سانچێز.. لە ژیانی کوشتن و دزیکردنەوە بۆ ئەستێرەی تۆتنهام

 

” ژیانم لەناو چوارچێوەیەکی مەترسیداربوو، چەندین دیاردەی ناشرینی وەک فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان و دزین و تاڵانکردن و کوشتنم بینیوە، هاوڕێم هەبوو ڕێگەی خراپیان بۆ دەوڵەمەندبوون هەڵبژارد کە بە ڕێگەی ئاسان و خێرا ناودەبران، هەندێکیان مردن و هەندێکیش تێوەگلاون لە هەژاری و مافیاگەری و شەڕ و تەقەکردن و زیندان”.

ئەمە لێدوانی داڤینسۆن سانچێزی بەرگریکاری ناوداری یانەی تۆتنهام هۆتسپێرزی ئینگلیزیە، کە لە گەڕەکێکی هەژارنشینی کۆڵۆمبیا ژیاوە و گەورەبووە.

یاریزانەکە بە پێچەوانەی هاوڕێکانییەوە، ڕێگەی ڕاستی وەرزشکردنی هەڵبژاردووە، لە ئێستاشدا بووەتە یەکێک لە ملیۆنێرەکانی بوارەکە و ئەستێرەیەکی ناوداری وڵاتەکەیەتی، بەبێ ئەوەی تەنها کارێکی هەڵەی کردبێت لە کاتێکدا هاوڕێکانی ڕێگەی کوشتن و مافیاگەراییان هەڵبژاردووە.

داڤینسۆن لە چاوپێکەوتنێکدا چەندین زانیاری نەبیستراو لەسەر ژیانی تایبەتیی ئاشکرادەکات، ئاماژە بە هەژاری خێزانەکەی دەکات لە کاتێکدا دەستی بە یاریکردن کردووە و ناچاربووە لە تەمەنێکی کەمەوە بەتەنها بگاتە ناوچەی مەشقەکان.

داهاتی باوکی بەشینەکردون

یاریزانەکە دەڵێت، ” باوکم دەیبردم بۆ ڕاهێنان و یاریکردن، بەڵام هێدی هێدی ئەم کارە بۆ باوکم سەختبوو، نەیدەتوانی هاتوچۆم پێبکات لەبەرئەوەی ناچاربوو کاربکات و خواردن بۆ خێزانەکەمان دابینبکات، هەموو ڕۆژێک لەدوای دەوامی خوێندنگا ڕاهێنانم دەکرد و سواری سێ باس دەبووم تاوەکو دەگەیشتمە ماڵەوە، هەندێجار دوو کاتژمێرم پێدەچوو تاوەکو دەگەیشتمەوە و لەناو باسەکەدا خەوم لێدەکەوت، دواتریش لە ماڵەوە ئەرکە خێزانیەکانم جێبەجێدەکرد”.

سانچێز ئاماژە بە هەژاری و کەمی داهاتی باوکی دەکات و دەڵێت، ” بلیتی باس گران بوو، کاریگەری لەسەر داهاتی خێزانەکەم دروستدەکرد، بۆ ئەوەی باوکم بەهۆی منەوە دووچاری ئاستەنگی نەبێت چیتر ڕۆژێک بڕیارمدا بەتەنها بچمە ناوچەی مەشقەکان، بەبیرم دێت تەمەنم دە بۆ 11 ساڵ بوو پێیانوتم کە هاتوچۆی بەردەوامی من پارەی خێزانەکەم بەهەدەردەدات، منیش دەمزانی باسەکان لە کوێدا دەوەستن و کەی دەگەنە جێگەی خۆیان، هەستمکرد تەمەنم گونجاوە بۆ ئەوەی بەتەنها هاتوچۆ بکەم، ئەو ئەرکە گرانەم لەسەر شانی باوکم و خێزانەکەم کەمکردەوە”.

ڕێککەوتن لەگەڵ بەرشلۆنە

داڤینسۆن لە ژیانی وەرزشییدا بە پێچەوانەی ژیانی ئاساییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لوتکە هەنگاوی ناوە، یانە گەورەکان خواستیان لەسەر کڕینی نیشانداوە.

لەم بارەیەوە دەڵێت، ” نزیکبوو بۆند لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە واژووبکەم، داوایانلێکردم پەیوەندی بە یەکێک لە پێکهاتە لاوەکییەکانەوە بکەم، بەڵام من دەمویست پەیوەندی بە پێکهاتەی یەکەمی ئەو یانەیەوە بکەم نەک پێکهاتەی لاوان، بۆیە لە ساڵی 2016 ڕێککەوتنی نێوانمان هەڵوەشێنرایەوە”.

هەروەها دەڵێت، ” پێموتن کە پێویستە بە ڕێککەوتنەکەدا بچنەوە، چونکە ئامادەنیم پەیوەندی بە پێکهاتەی دووەمی بەرشلۆنەوە بکەم، هۆشداریم پێدان و گوێیان لێنەگرتم، منیش ڕەتمکردەوە بۆندیان لەگەڵدا واژووبکەم، دواتر لەگەڵ یانەی ئەیاکس ئەمستەردام رێککەوتم و لەوێشەوە بۆ تۆتنهام”.

لە ئێستادا بەرگریکارە کۆڵۆمبییەکە بەرهەمی ئەو ماندووبوون و ورە پۆڵایینە دەدورێتەوە، کە منداڵییەوە نیشانیداوە و لە بری ئەوەی خۆی بە بابەتی قەدەغەکراو سەرقاڵبکات، لە ڕێگەی وەرزشەوە بە ئاواتەکانی گەیشتووە، خێزانەکەشی خستووەتە ژێر سەرپەرشتی خۆیەوە و ژیانێکی شاهانەی بۆ فەراهەمکردوون.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) میدیاکان گرتەیەکی ئیسکۆیان بڵاوکردەوە گاڵتە بە زێدان دەکات

بابەتی دواتر

کێشەى ماکرۆن لەگەڵ ئیسلامە یان موسڵمانان؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share