بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بۆیەکەمجار وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە بەشە ڤاکسینی پارێزگای ناردووە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ” بۆ یەکەمجار حکومەتی عێراق وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ ڕەفتاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەڵەبجە کرد، ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە بە ساردکەرەوەی تایبەت ڤاکسینی ڤایزەر گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەڵەبجە”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی تەندروستیی هەڵەبجە، بڕی هەزار و 170 ژەمە ڤاکسین گەیشتووەتە هەڵەبجە و داوا لە هاوڵاتییانیش دەکات بەدەم خۆکوتانەوە بچن.
تەندروستیی هەڵەبجە ڕوی لە هاوڵاتیان کردووە و ڕایگەیاندووە، “حكومەتی عێراقی لە سەر بنەمای ڕێژەی بەکارھێنانی ھاوڵاتیان ڤاکسین دەنێرێت، بە واتای ئەو شارەی کە کەمتر ڤاکسین بەکاردەھێنن کەمتر ژەمی ڤاکسین دەگاتە کەرتی تەندروستییان، بۆیە داواکارین لە ھاوڵاتیان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و ڕێکخراو سەردانی ھەر حەوت بنکەکەی پێدانی ڤاکسین بکەن لە سنورەکەمان”.
پارێزگای هەڵەبجە پێشتر ژەمە ڤاکسینی بەشێوەیەکی دیکە بۆ دابینکراوە و بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا لە هەڵەبجە 19 هەزار و 672 کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.