لەگەڵ گەڕانەوەی هێز و دەسەڵاتی چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، یەکێک لە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی ژن بوو لەسەردەمی تاڵیباندا، ئێستا تاڵیبان ورەدە وردە لە بەڵێنەکانی سەبارەت بە ژنان دەکشێتەوە.
یەکەم هەوڵی نیگەرانکەری تاڵیبان بۆ ژنانی ئەفغان، لابردنی وەزارەتی ژنان بوو، دواتر گۆڕینی بۆ وەزارەتی ” الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر”.
ژنانی ئەفغان لەسەرەتای گەڕانەوەی تاڵیبانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام تاڵیبان بۆ شاردنەوەی نیگەرانی ژنانی ئەفغان، بەشێک لە ژنانی لایەنگری خۆی هێنایە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی پێکردن.
یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی ژنانی ئەفغان، ڕاگرتنی کاری سێ هەزار ژنە لە شارەوانی کابول، چونکە ئەلحەمدولیلا نەعمانی، سەرۆکی شارەوانی نوێی کابول ڕایگەیاندووە، “کارمەندانی ژن دەبێت لەماڵەکانیان بمێننەوە و ئەوان خانەنشین دەکرێن”.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەدا، ژنانی کارمەند چونە سەرشەقامەکان و داوایانکرد چەکدارانی تاڵیبان بڕیارەکانیان دژی ژنان نەبێت، لەناو خۆپیشاندانەکەدا ژنان دروشمی “ئازادی، ئازادی کارکردن” یان بەرزکردبوویەوە.
حکومەتی نوێی ئەفغانستان بڕیاریداوە خوێندنگا و زانکۆ و پەیمانگاکان بەڕووی پیاوان و کوڕاندا بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری لەبارەی خوێندنگە کچانەکانەوە نەداوە، ئەوەش نیگەرانییەکی دیکەی ژنانی ئەفغانە سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانیان.
سەرەتا چەکدارانی تاڵیبان چەند هەڵوێستێکی نەرمیان سەبارەت بە ژنان نواند، ئەمە جێگای سەرنجی تەواوی جیهان بوو، کە دەکرا تاڵیبانی نوێ لە تاڵیبانی سەدەی ڕابردوو جیابکاتەوە، بەڵام کردەوەکانی ئەمدواییەی ئەو گروپە زیاتر جیاوازی نێوان تاڵیبانی نوێ و کۆن دەسڕێتەوە.