سزادانی بکوژانی خۆپیشاندەران بەکوێ دەگات؟

حکومەتی عێراق هێزەکانی پاراستنی یاسای هەڵوەشاندەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەرییش هەردوو وەزیری پێشووی ناوخۆ و بەرگری بانگدەکات بۆ لێپرسینەوە لە توندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو فەرماندە و ئەفسەرانەشدا دەکات کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەستگیرکراون.

هێزەکانی پاراستنی یاسا کێن؟
هێزەکانی پاراستنی یاسا، لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووی عێراقدا پێکهێندران، دوای ئەوەی لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر و چالاکوان کوژران و بریندارکران، عەبدلمەهدی ئەو هێزەی پێکهێنا بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و ڕێگرییکردن لە نواندنی توندوتیژی دەرهەق بە خۆپیشاندەران.

بەڵام ماوەیەکی کەم دوای پێکهێنانی هێزەکانی پاراستنی یاسا، خۆپیشاندەران خودی ئەو هێزانەیان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورە و ڕژاندنی خوێنی خۆپیشاندەران.

لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکان و سزادانی تاوانباران
یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی حکومەتە کاتییەکەی مستەفا کازمی، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بوو لە ڕوداوەکانی خۆپیشاندانەکان و سزادانی ئەوانەی دەستیان بە خوێنی خۆپیشاندەران و چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان سوور بوون.

لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا حکومەت ئاشکرایکرد کە ئاماری قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی تەواوکردووە، دەرکەوتووە زیاتر لە 550 کەس لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵدا کوژراون، جەختیشیکردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن بۆ دۆزینەوە و سزادانی تاوانباران و بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەک پێکهێنراون.

هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پاراستنی یاسا
لە نوێترین پێشهاتدا، بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، وەزارەتەکە بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پاراستنی یاسا، هەروەها گواستنەوەی هەموو فەرماندە و ئەفسەر و کارمەندان و ئامێر و کەلوپەلەکانی ئەو هێزانە بۆ سەر پۆلیسی بەغداد و کردنەوەی بەشێک لە فەرماندەیی پۆلیسی بەغداد بۆ ئەو مەبەستە.

ئەو ڕێوشوێنانەش لەکاتێکدا هێشتا خۆپیشاندەران و کەسوکاری قوربانییەکان چاوەڕوانی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و سزادانی تاوانبارانن.

بانگکردنی دوو وەزیر و ژمارەیەک کاربەدەستی ئەمنی و سەربازی
لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژییەکان و کوژرانی خۆپیشاندەران، ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاریدا هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بانگبکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، “ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاری بانگکردنی هەردوو وەزیری پێشووی ناوخۆ و بەرگری دەرکردووە، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات داخۆ کێن ئەوانەی بەرپرسیاری یەکەمی توندوتیژییەکانی دەرهەق بە خۆپیشاندەرانن”.

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاریشیداوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو فەرماندە و ئەفسەرانەدا بکات کە بە تۆمەتی بەرپرسیارێتییان لە توندوتیژییەکان دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ ژمارەیەک ئەفسەری دیکە بە هەمان تۆمەت دەرکردووە.

بەڵام بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەپێی یاسا و ڕێکارە ئەمنی و سەربازییەکان، “بانگێشتکردن و ئامادەکردن”ـی وەزیرانی پێشووی ناوخۆ و بەرگری، پێویستییان بە ڕەزامەندی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە.

بابەتی پێشتر

کورتە فیلمێکی کوردی خەڵاتێكی تایبەت لە ڕوسیا وەردەگرێت

بابەتی دواتر

هاوسەرەكەی كارداشیان وەك كاندیدی سەربەخۆ بۆ سەرۆكی ئەمریكا خۆی هەڵبژاردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share