شانزە ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مەرزیە فەریقی تێپەڕدەبێت

مەرزیە شەھاب عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ 18ی ئەیلول 16 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند مەرزیە فەریقی تێپەڕدەبێت.

مەرزیە شەھاب عەبدوڵڵا ناسراو بە مەرزیە فەریقی لە 22ی ئایاری 1958 لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لەتەمەنی 9 ساڵییەوە خولیای گۆرانی و شانۆی هەبووە، چەندینجار لە بۆنە و ئاهەنگەكاندا گۆرانی وتووە، هاوكات بەشداری لە تیپی شانۆیشدا هەبووە. سەرەتای كارەكانی بە وتنەوەی بە گۆرانیی فارسی و گۆرانییەكانی فەتانەی وەلیدی دەستیپێكردوە.

ساڵی 1978 لەگەڵ هونەرمەند ناسر ڕەزازی هاوسەرگیری كردوە و دواتر بە سرودە نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەكانیان هونەر و خەباتی شاخیان لەنێو ڕیزەكانی كۆمەڵە ئاوێزانی یەكدی كردووە.

16 ساڵ لەمەوبەرو لە ڕۆژی 18ی ئەیلولی ساڵی 2005 لەكاتی نەشتەرگەرییەكدا لە وڵاتی سوید گیانی لەدەستدا، دواتر تەرمەكەی گەڕێنرایەوە هەرێم و لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاكسپێردرا.

ھونەری مەرزیە فەریقی
یەکەمین گۆرانیی کوردی کە مەرزیە فەریقی تۆماریکرد، (لەسەر کانی دێتەوە لێو بە کەنی و گۆزە بە شانەوە) بوو. مەرزیە زۆر حەزی لە بیستنی کارە ھونەرییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت تیپی مۆسیقای سلێمانی بوو و زیاتر حەزی بە گۆرانییەکانی ھونەرمەندان کەریم کابان و قادر کابان دەکرد.

یەکەمین سروود کە مەرزیە، تۆماریکرد سرودی (سڵاو بۆ پێشمەرگە) بوو، دوای ئەوە گۆرانی (گیانەکەم بە ئاسمانی شین). ئەم گۆرانییە ھونەرمەندی کورد عەزیز شاروخی وتویەتی، بەڵام مەرزیە دەستکاری شیعرەکانی کردووە و لە قاڵبی شۆڕشگێڕیدا وتوویەتی دوای ئەوە گۆرانی (ماچی خودایی) و گۆرانی (پاییز)ی وتووە.

دوایین بەرهەمەكانیشی ئەلبومێك بەناوی (بەڵێن بدە) و كۆتا بەرهەمیشی بەناوی (ھەموو شەو) بوو.

بابەتی پێشتر

تۆمەتباری كوشتنی ئەندامەكەی پەكەكە دراوەتە دادگا و سزا وەردەگرێت

بابەتی دواتر

ئەمریكا.. بە كارێكی هونەری یادی قوربانییانی كۆرۆنا دەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share