بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی لەبارەی ڕووداوەکانی 48 کاتژمێری ڕابردووی شارەکە ڕایگەیاند، سەرەداوی وردیان دەستکەوتووە و جەختیکردەوە هیچ پیلانگێڕییەک سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکانی بە لاڕێدا نابات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر بڵاویکردەوە، “سەبارەت بە ڕووداوە نەخوازراوەکانی 48 کاتژمێری ڕابردووی شاری سلێمانی، پاڵپشت بە دۆکۆمێنت و زانیاریی تایبەت سەرەداوی وردمان دەربارەی ئەو ڕووداوانە دەستکەوتووە”.
دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی کە پاش یەکلاییکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەکان ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.
جەختدەکاتەوە، کە شاری سلێمانی هەمیشە وەک لانکەی فرەدەنگی و ئارامی دەمێنێتەوە و دەڵێت، “هیچ پیلانگێڕییەک سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکانی بەلاڕێدا نابات”.