بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی دیاریکردنی نەدیم زەهاوی وەک وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد و دەڵێت، “شانازییەكی گەورەیە بۆ كوردستان”.
لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە، “بەبۆنەی دەستنیشانکردنی بەڕێزتان وەک وەزیری پەروەردەی بەریتانیا، گەرمترین پیرۆزباییت لێدەکەم و شانازییەكی گەورەیە بۆ كوردستان و خەڵكە خۆشەویستەكەی”.
هاوسەرۆکی یەکێتی، ستایشی هەوڵەکانی نەدیم زەهاوی دەکات و دەڵێت، “هەوڵ و كۆششی بێسنووری ئێوە لە ڕابردوودا لەبەرامبەر بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پشتیوانیكردنی دۆزە ڕەواكانی گەلەكەمان، جێگەی پێزانین و ستایشی ئێمەیە”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ تاڵەبانی هیوای سەرکەوتنی لە ئەركە نوێیەكەیدا بۆ خواستووە و داوا دەکات كاركردن لەپێناو دۆزی كورد و كوردستان كاری لەپێشینەی بێت.