هاوپەیمانێتییەكی نوێی ئەمریكا بووەتە خەنجەر لە پشتی فەرەنسادا

ئوسترالیا لە “گرێبەستی سەدە” كشایەوە كە لەگەڵ فەرەنسادا كردبووی بۆ كڕینی ژێردەریایی ئەتۆمی و چووەپاڵ ئەمریكا و بەریتانیا، فەرەنسا تووڕەیە و ئەو هەنگاوە بە “خیانەت” ناوزەددەكات و چین دەڵێت، “ڕێككەوتنەكە زیان بە سیستمی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی دەگەیەنێت”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئوسترالیا بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە ڕێككەوتنێك ڕاگەیاند كە لەگەڵ فەرەنسادا كردبووی بەمەبەستی كڕینی ژێردەریایی ئەتۆمی لەو وڵاتە.

سكۆت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، وڵاتەكەی درێژە بەو گرێبەستە نادات و هاوبەشییەكی ئەمنیی “مێژوویی” لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیادا پێكدەهێنێت و لەڕێگەیەوە جۆرێك ژێردەریایی بەدەستدەهێنێت كە بە وزەی ئەتۆمی كاردەكات.

وتەكانی سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا دوای ئەوە دێن دوێنێ چوارشەممە سەركردەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئوسترالیا، پێكهێنانی هاوبەشییەكی ئەمنییان لەنێوان هەرسێ وڵاتەكەدا ڕاگەیاند لە ناوچەی هەردوو زەریای هندی و هێمن، بەگوێرەی هاوبەشییەكە، ئەمریكا و بەریتانیا هاوكاریی ئوسترالیا دەكەن لە دابینكردنی ژێردەریایی ئەتۆمی.

فەرنسا: هەست بە خیانەت و تووڕەیی دەكەین

ساڵی 2016 ئوسترالیا گرێبەستێكی لەگەڵ فەرەنسادا واژووكرد بۆ دروستكردنی 12 ژێردەریایی بە تێچووی 3 ملیار یۆرۆ كە بە “گرێبەستی سەدە” ناسێندرا. ئێستا بەكشانەوەی ئوسترالیا لەو گرێبەستە، فەرەنسا نیگەران بووە.

جان ئیڤ لۆدریان سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا ڕایگەیاند، “هەست بە خیانەت و تووڕەیی و تاڵی دەكەین بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ژێردەریاییە ئەتۆمییەكانەوە”.

وتیشی، “فەرەنسا پەیوەندیی متمانەی لەگەڵ ئوسترالیادا بنیادنابوو، ئێستا ئەو متمانەیە ڕووبەڕووی خیانەت دەبێتەوە”.

چین شەڕی بەرژەوەندیی خۆی دەكات

ڕێككەوتنەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و ئوسترالیا، چین-ی نیگەرانكردووە و وەك هەنگاوێك بۆ لاوازبوونی هەژموونی خۆی لێیدەڕوانێت و دەڵێت، “هاوكاریی نێوان ئەمریكا و بەریتانیا و ئوسترالیا بۆ بنیادنانی ژێردەریایی ئەتۆمی، زیان بە سیستمی نێودەوڵەتیی تایبەت بە قەدەغەكردنی بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمی دەگەیەنێت”.

لیو جیان چاو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، “سەرەتای هاوكاریی نێوان ئەمریكا و بەریتانیا و ئوسترالیا لەبواری بنیادنانی ژێردەریایی ئەتۆمی، زیانێكی گەورە بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە دەگەیەنێت و زیانیشە بۆ ئەو هەوڵانەی دراون لەپێناو سیستمی نێودەوڵەتیی تایبەت بە قەدەغەكردنی بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمی”.

بابەتی پێشتر

گۆرێتسکا یانە گەورەکانی ئەوروپای بێهیواکرد

بابەتی دواتر

حەوت ژمارەی مێژوویی گەڕی یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share