وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینیی 23ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، سزا بەسەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد و جێگرەكەی و كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر دەسەپێنێت و دەیانخاتە لیستی ڕەشەوە.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا نووسیویەتی، “ماتیۆ توڵەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد رۆڵی سەرەكی هەبووە لە ڕێكخستنی هێرشی تیرۆریستی لە عێراق دا.”
خەتیب زادە دەشڵێت، “توڵەر لەپشت تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی لە بەغداد و سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دا بووە.”
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە هۆشداریشیدا لەوەی كە “هەنگاوەكانی دژ بە ئێران بەبێ وەڵام نابن.” بۆیە ئەو سێ دیپلۆماتكارەی ئەمریكا-ی سزاداوە.
هەنگاوەكەی ئێران، كاردانەوەی هەنگاوێكی پێنجشەممەی ڕابردووی ئەمریكایە، كاتێك وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، سزای بەسەر ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق و چەند سەركردەیەكی حزبوڵای لوبنان دا سەپاند.