پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری و بازرگانی لەسەر ڕووباری سیروان دروستدەكرێت

وێنەی 3Dی سایت پلانی پڕۆژەكە

لایەنە پەیوەندیدارەكانی گەرمیان كار لەسەر ماستەرپلانی پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری و بازرگانی لەسەر ڕووباری سیروان دەكەن، سەرۆكی شارەوانی دەڵێت، ئومێددەكەن بەزوویی ڕێككارەكانی تەواوبێت تا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

پڕۆژەكە لە چەند زۆنێك پێكدێت، دیزاین و وردەكارییەكەی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەند كە نوێنەری سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تیایە، داڕێژراوە.

بەپێی پڕۆژەكە کەناری ڕووباری سیروان دەکرێت بە سەوزایی و پارکێکی کراوە کە کۆڕنیش، ڕێڕەوی پیادە و لاینی وەرزشی بۆ دروستدەکرێت.

جگە لەوەی ڕێستورانت، کافتریا، کۆشکی گەشتیاری و بەنداوی بچوككراوەی یارییە ئاوییەكانی تیادەبێت، سەرەڕای شوێنی بازرگانی و نیشتەجێبوون.

هونەر مەحمود بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پڕۆژەكە ماستەر پلانێكی بۆ جێبەجێكراوە كە لە پێنج زۆندا خۆی دەبینێتەوە.

وتیشی، “بۆ ئەو زۆنانە لایەنە پەیوەندیدارەكان زیاتر لە جارێك سەردانی مەیدانییان كردووە، لە ئەنجامدا لیژنەیەكی تایبەتمەند دیاریكراوە بۆ ئەوەی ڕێككار و دیزانێكی جێگیری بۆ دیاریبكرێت، تا ئەو وەبەرهێنەرانەی هاتوون و داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ ئەو زۆنانە، بەپێی ئەو دیزاینانە ئیشبكەن”.

زیاتر لە 120 مەتری پڕۆژەكە بەشێوەی كۆڕنیش و سەوزایی دروستدەكرێت، تا هاوڵاتییان وەكو خزمەتگوزاریی (فری زۆن) بتوانن بەكاریبهێنن و بێبەرامبەر سەردانی بكەن و وەكو ناوچەیەكی گەشتیاری خەڵكی ڕووی لێبكات، هونەر مەحمود وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە سەوزایی، سێكتەرەكانی بازرگانی، نیشتەجێبوون، كۆمەڵگەی وەرزشی، كۆمەڵگەی تەندروستی و كۆی ئەو سێكتەرانەی لە وەبەرهێناندا جێیدەبێتەوە لەو زۆنانەدا دەبن.

ڕووبەری پڕۆژەكە وەك ئەوەی بەڕێوەبەری وەبەرهێنان ئاماژەی پێدا درێژییەكەی 9600 مەتر و پانییەكەشی نزیكەی 600 مەترە، كە بەشێوەیەكی گشتی لە 2400 دۆنم پێكدێت.

ڕوونیشیكردەوە، بەپێی خەمڵاندنەكان تەواوكردنی كۆی پڕۆژەكە یەك ملیار بۆ یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تێچووی دەبێت، گەیاندنی سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی كارەبا، ئاو و ئاوەڕۆش لە ئەستۆی وەبەرهێندا دەبێت.

نوێنەری شارەوانیی كەلار بەشدارە لە لیژنەكەدا و مەرجی ئەوەی هەیە خزمەتگوزارییە گشتییەكان وەك شوێنی پیادە، شوێنی سەوزایی و دانیشتنی خەڵك بێبەرامبەر بێت.

ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانیی كەلار بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو زۆنانەی دەكەونەسەر ڕووبارەكە زیاتر گەشتیاری و بازرگانی دەبن، ئەوەی دەمێنێتەوە كە دەكەوێتە دیوی شاری كەلارەوە ئەگەر بوار هەبێت بڕیارە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تیا دروستبكرێت.

وتیشی، “پڕۆژەكە بە درێژایی سەر ڕووباری سیروانە لە شاری كەلار، كە لە پردی گردەگۆزینەوە دەستپێدەكات تا بەردەسوور”.

سەرۆكی شارەوانیی كەلار ئومێدی خۆیشی نیشاندا بەوەی “بەزوویی ڕێكارەكانی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان، وەزارەت و دەستەی وەبەرهێنانەوە تەواوبێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

زمناكۆ یەحیایی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە گەرمیان بەشداری لە ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتەدا كردووە.

بابەتی پێشتر

تابلۆیەكی دزراوی پیكاسۆ لە دەستی باندێكی عێراقیدا دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

ڕاپەڕین.. دوو کەس بە تۆمەتی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەوت 81 دۆلاری تێپەڕاند

نرخی نەوت لەبازاڕەکانی وزەی جیهان بۆ بەرزترین ئاستی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەرزبووەوە و دوای ئەوەی ئۆپیک پڵەس…
Total
0
Share