بایدن و ترەمپ جارێکی دیکە بە قورسی یەکتریان تۆمەتبار کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 23ی تشرینی یەکەم دووەم و کۆتا دیبەیتی ڕاستەوخۆی نێوان دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆبایدن، کاندیدی دیموکراتەکان کۆتایی هات، وەک دیبەیتی پێشوو یەکتری بە چەندین دۆسییە تۆمەتبارکرا.

جۆبایدن لە دیبەیتەکەدا ڕەخنەی لە ترەمپ گرت کە دەستەوەستانە لەبەرامبەر کۆمەڵێک دۆسییەدا لەوانە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە و بەبەرچاوی ئەمریکییەکانەوە خەڵکی دەکوژێت، بەڵام کابینەکەی ترەمپ تەنها لە دوورەوە سەیر دەکات.
لە بەرامبەردا ترەمپ وتی، “تۆ هەشت ساڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا بویت کە دەسەڵاتێکی گەورەیە، بەڵام جگە لە قسەکردن هیچ شتێکی دیکەمان لە تۆ نەبینی”.
ڤایرۆسی کۆرۆنا تەوەرێکی سەرەکی دیبەیتەکەی ترەمپ و بایدن بوو، بایدن مردنی نزیکەی 300 هەزار ئەمریکی بە کۆرۆنا خستە ئەستۆی ترەمپ و ترەمپیش دانی بەوەدانا کە “زانیارییەکانی بەشی تەندروستیی کابینەکەی بەتایبەت دکتۆر فاوچی کەمێک ورد نەبووە بۆ کۆرۆنا و پێشتر پێیان وتووە کە کۆرۆنا زوو کۆتایی دێت و دەڕوات، هەروەها ئەگەر ماسکیش نەبەستی شتێکی ئاساییە”.
بەشێکی دیکەی دیبەیتەکەی ترەمپ و بایدن پرسی هەڵبژاردنەکان و دەستێوەردانی وڵاتانی وەک ئێران و ڕوسیا و چین بوو، جۆ بایدن دانی بەوەدانا کە لە دواین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ڕوسیا و چین دەستێوەردانیان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، ترەمپیش سوربوو لەسەر ئەوەی بەهۆی سزا قورسەکانی ئەوەوە بۆسەر ئەو وڵاتە هەوڵدەدەن دەرنەچێت و کاندیدێکی دیکە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا چونکە دەترسن.
لە سەر چەند دۆسییەیەکی هەستیار بایدن و ترەمپ جارێکی دیکە دژی یەکدی قسەیانکرد، لەوانە ترەمپ بایدنی بەوە تۆمەتبارکرد کە دژی دەرهێنانی گازی سروشتییە، بەڵام بایدن وتی، “تۆ درۆ دەکەیت، ڤیدیۆیەک یان بەڵگەیەکم نیشان بدە کە بیسەلمێنێت من و پارتەکەی دژی ئەوە بین”.
جۆ بایدن هەوڵیدا درزێک بدۆزێتەوە لە سیاسەتەکانی ترەمپدا بەوەی تەنها خەیاڵی لای بازرگانییە و گوێ بە پیسبوون و کاردانەوەکانی ئەو بازرگانییە لەسەر کەش و هەوا نادات، چونکە سەدان ئەمریکی توشی شێرپەنجە بوون، بۆیە وتی “ئێمە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوین ئەوا تا ساڵی 2050 دەبێت ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بگەیەنینە سفر”.

ترەمپ وەڵامی بایدنی دایەوە و وتی، “داتاکانت لەبارەی پیسبوونی ژینگەوە ڕاست نییە، ئێمە وڵاتانێکی وەک سعودییە و مەکسیک و دەیانی دیکەمان ڕێکخستووە و لە پاڵیدا هەرگیز تەندروستی و بەرژەوەندی ئەمریکییەکانمان فەرامۆش نەکردووە”.

پرسی باج لەسەر کۆمپانیاکان یەکێکی دیکە بوو لە گفتوگۆکانی نێوان بایدن و ترەمپ و ترەمپ ڕایگەیاند، ” سیاسەتی گونجاوم هەیە بۆ باج تا پشتیوانی پەرەپێدانی ئابوری بکات بەڵام سیاسەتی بایدن دژی ئەوەیە”.

بایدن وتی، “زیادکردنی داهات بە فشار خستنەسەر کۆمپانیا و لایەنەکان نابێت، ئەوە بە بەرنامە دەکرێت و  من کاردەکەم بۆ بەهێزکردنی ئابوری و ڕەخساندنی ملیۆنان دەرفەتی کار و هەروەها ئێمە هەوڵی بەرهەمهێنانی وزەی پاک دەدەین و ژینگە دەپارێزین”.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی شاره‌زوور به‌ تۆمه‌تی 'دزیكردن' كه‌سێكی ده‌ستگیر كرد

بابەتی دواتر

هاوردەکردنی هەنار بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share