بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران ئەم مانگە کاری پێناکرێت

دوای سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ تارانی پایتەختی ئێران، بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا ڕاگەیەندرا، بەڵام ئەو ڕێکارە ئەم مانگە کاری پێناکرێت.

محەمەد زەبیح، وتەبێژی دامەزراوەی فڕۆکەوانیی ئێران ڕایگەیاندووە، “بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی دەرەوە وەرمانگرتووە، تا تەواوبوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا جێبەجێناکرێت.”

چلەی ماتەمینی کوشتنی (حسێنی کوڕی عەلی) هەموو ساڵێک لەلایەن شیعە مەزهەبەکانەوە یاددەکرێتەوە و ئەمساڵ یادەکە دەکەوێتە 27ی ئەم مانگەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی وتەبێژی دامەزراوەی فڕۆکەوانیی ئێران ئاشكرایکردووە، لە دوای 27ی ئەم مانگەوە بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا جێبەجێ دەکرێت، واتە هەر گەشتیارێکی ئاینی کە لە ئێرانەوە بیەوێت بۆ یادی چلە بچێتە خاکی عێراقەوە پێویستە ڤیزای پێبێت.

هاوکات بەرپرسی هێزی پاسەوانی سنوورەکانی ئێران ئاشکرایکردووە، لە ڕۆژەکانی پێش هاتنی ڕێوڕەسمی چلە، ڕێگا بە هیچ کەسێک نادرێت لە وشکانییەوە گەشتی عێراق بکات.

بابەتی پێشتر

لوتکەی جیهانی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی ژنێکی بە تۆمەتی دزینی ئاڵتون دەستگیرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share