رۆژنامەی (العالم الجديد)ـی عێراقی زانیاریی نوێ لەبارەی کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم و بەغداد ئاشکرادەکات و دەڵێت، پێشبینیدەکرێت بەزووترین کات کارەکانی ناردنی مووچەی مووچەخۆران تەواوبکرێن.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەوەی خستووەتەروو، ئەمڕۆ بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری، بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ وەفدی بەغداد سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکە کۆبوونەوەکانی کۆتایی پێبهێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییە هەڵپەسێردراوەکان، پێشبینیش دەکرێت، بەزووترین کات کارەکانی ناردنی مووچە تەواوبکرێن”.
هەینیی رابردوو، وەفدێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، لەگەڵ وەفدێکی تەکنیکیی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی، وەزیری دارایی لە بەغداد کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە، وەک ئەو سەرچاوەیە بۆ رۆژنامەکەی روونکردووەتەوە، “لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو و باس لە بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان کرا”.