جیهان.. كوشتنی چالاكوانانی ژینگە بەڕێژەیەكی “مەترسیدار” زیادیكردووە

هەفتانە چوار چالاكوانی بواری ژینگە كوژراون

كوشتنی چالاكوانانی بواری ژینگە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و تەنها لە ساڵی 2020دا 227 چالاكوانی ژینگە لە سەرتاسەری جیهاندا كوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی “گلوباڵ ویتنیس” كە بەدواداچوونی بۆ دۆخی چالاكوانانی ژینگە لە جیهاندا كردووە، دەركەوتووە لە ساڵی 2020دا 227 چالاكوانی بواری ژینگە لە وڵاتانی جیهاندا كوژراون و یەك لەسەر سێی ڕووداوەكانی كوشتنیش، پەیوەستن بە داگیركردن و بەكارهێنانی دەرامەتە سروشتییەكانەوە، لەوانە بڕینەوەی دار و كانزاكاری و كاری بازرگانی و كشتوكاڵی لە ڕووبەری بەرفراوان و بەنداوە كارۆئاوییەكان.

یەكێك لەو چالاكوانانەی كوژراون، ڤیكیلی نشانگاسی-یە كە تەمەنی 65 ساڵ بووە و لە ژووری نووستنەكەیدا كوژراوە، هۆكاری كوشتنەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردنی لە كەیسێكی دادگادا كە تایبەت بوو بە فراوانكردنی كانێكی كانزایی لەلایەن كۆمپانیای “تەندیل كول”ـەوە لە ئەفریقا و سەرئەنجام بە دەستڕێژی گولـلە كوژرا.

ڕاپۆرتەكە دەڵێت، “ئەوانەی كوژراون چالاكوانی بواری ژینگە بوون و بەهۆی ژینگەپارێزی و داكۆكیكردنیان لە دەرامەتە سروشتییەكانی وەك دارستان و سەرچاوەی ئاو و زەریاكان كوژراون”.

ڕێكخراوی “گلوباڵ ویتنیس” ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2015ـەوە كە ڕێككەوتننامەی پاریس سەبارەت بە گۆڕانی ئاووهەوا واژووكراوە، هەفتانە چوار چالاكوانی بواری ژینگە كوژراون، واتە بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە هەموو هەفتەیەك چوار چالاكوانی ژینگەیی لە جیهاندا كوژراون كە ڕێكخراوەكە ئەو ژمارەیە بە “شۆكهێنەر و مەترسیدار” ناوزەددەكات.

ئەو ڕێكخراوە جیهانییە لە ڕاپۆرتەكەیدا گومان دەخاتەسەر دروستیی ئەو ژمارانە و پێیوایە ژمارەی كوژراوەكان زۆر زیاتر بن و دەڵێت، “پێدەچێت ئەو ژمارانە زۆر كەمتربن لە ژمارە ڕاستەقینەكان و بەهۆی ئەو كۆت و بەندانەی دەخرێنەسەر ڕۆژنامەنووسان و ئازادییە مەدەنییەكان، نەتوانرابێت ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەكان ئاشكرابكرێت”.

كریس مادن كە ڕاپۆرتەكە بە دیارترین داكۆكیار لە ژینگەپارێزان و چالاكوانانی ژینگەیی ناویبردووە، داوا لە حكومەتی وڵاتان دەكات بە جددییەتێكی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ كەیسەكانی كوژرانی چالاكوانانی بواری ژینگە و پاراستنی ئەو چالاكوانانەدا بكەن.

ئەو داكۆكیكارە دەڵێت، “ڕاپۆرتەكە بیرهێنانەوەیەكی ڕوونە بەوەی بەگژداچوونەوەی قەیرانی ئاووهەوا، بارێكی قورسە كە بەدەرە لە توانای ئەو كەسانەی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لەپێناو ڕزگاركردنی دارستان و ڕووبار و ژینگە زیندووەكان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەتیسبوونی گەرما، بۆیە دەبێت كۆتایی بە كوشتنی چالاكوانان بهێندرێت”.

ڕێكخراوی “گلوباڵ ویتنیس” لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەیدا داوا لە حكومەتەكان دەكات دان بە مافی مرۆڤ لە دەستەبەركردنی ژینگەیەكی پارێزراو و تەندروست و بەردەوامدا بنێن.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان برینداربوون یان كوشتنی مەلا بەرادەر ڕەتدەكاتەوە

بابەتی دواتر

شۆڕشێكی پزیشكی بەڕێوەیە<BR>تەنها بە پشکنینی خوێن 50 جۆری شێرپەنجە پێشوەخت دیاریدەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share