وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكرد، شارەكانی عێراق لەبەردەم دیاردەی بەگوندبووندان.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی دێموگرافی بووەتەوە، دیارترینیان دابەشبوونی دانیشتووانە بەشێوەیەكی ناهاوسەنگ لەنێوان گوند و شارەكان و كۆچی بەردەوام لە گوندەكانەوە بۆ شارەكان بەهۆكاری ئابوری و كۆمەڵایەتی.
وەزارەتی پلاندانان ئاشكرایكردووە كە ئەو كۆچە زۆرەی گوندنشینان بۆ شارەكان، بووەتەهۆی سەرهەڵدانی دیاردەی “بەگوندبوون”ی شارەكان.
بەپێی داتاكانی وەزارەتەكە كە لە ڕاگەیەندراوەكەدا خراونەتەڕوو، ئاڵنگارییەكی تری بەردەم پرسی دانیشتووان لە عێراقدا، ئەو شەپۆلی ئاوارەبوونەیە كە بەهۆی داگیركردنی چەند شار و ناوچەیەك لەلایەن داعشەوە سەریهەڵدا.
یەكێكی تر لە ئاڵنگاڕییەكانی بەردەم پرسی دانیشتووان، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراقە كە لە ئەنجامی زۆربوونی هاوسەگیری و زۆر منداڵخستنەوەوە بەدیهاتووە.
كۆچكردنی توانا پیشەیی و زانستییەكانیش بۆ دەرەوەی وڵات، یەكێكی ترە لەو ئاڵنگاری و كێشانەی ڕووبەڕووی پرسی دانیشتووان بووەتەوە وەك وەزارەتی پلاندانانی عێراق باسیكردووە.