ئێران وەك یەكەم وڵات كاردانەوەی خۆی لەبارەی حكومەتەكەی تاڵیبان لە ئەفغانستان نیشاندا و بەوە ناوزەدیدەكات كە لەگەڵ بۆچوونی تاران و كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا یەكناگرێتەوە.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “ئەو پێكهاتەیەی كە تاڵیبان ڕایگەیاندووە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكان، لەگەڵ بۆچوونی ئێمە و بۆچوونی كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە حكومەتێكی گشتگیر لە ئەفغانستان یەكناگرێتەوە”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی، “ئیدانەی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان دەكەین، دەبێت پێشێلكارییەكانی پەنجشیر ڕابگیرێن و هەمووان پابەندی گفتوگۆببن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەفغانستان”.
دوای كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، وڵاتانی جیهان ڕایانگەیاند، چاوەڕوانی كارەكانی حكومەتە كاتییەكەی تاڵیبان دەكەن و هەڵسەنگاندن بۆ شێوازی مامەڵەكردنی بزوتنەوەكە لەگەڵ ژنان و كەمینەكان و توێژە جیاوازەكاندا دەكەن تا بڕیاری لەبارەوە بدەن و دانی پێدابنێن.