سەردانە یەک ڕۆژییەکەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران کۆتاییهات، لە سەردانەکەدا چەند پرسێک گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لەبارەوە کرا، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێکی گفتوگۆکانی کازمی و بەرپرسانی ئێران بووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبووەوە، لەگەڵ ئەوەش لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی شاندی هەردوو وڵات گفتوگۆکرا لەبارەی بە پەیوەندیی سیاسی و بازرگانی و تەنانەت ئاینیی نێوان هەردوو وڵات.
ئێران و عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت پەیوەندیی بازرگانیی نێوانیان زیاتربێت و ڕێگاکانی پەیوەندیی هەردوو وڵات گەشەی پێبدرێت، هاوکات ڕێککەوتنی سەرەتایی کراوە، ئێران و عێراق بە هێڵی ئاسنین ببەسترێن بەیەکەوە، بۆ نموونە تەواوکردن و گەشەپێدانی ڕێگای ئاسنینی بەسرە – شەڵەمچە.
ئێران و عێراق دەیانەوێت ڕێگای ئاسنینی بەسرە – شەڵەمچە گەشەپێبدەن، بەتایبەت کە هێڵەکە نزیکە لە بەندەری فاوەوە و لە ئایندەدا کاریگەریی لەسەر قەبارەی بازرگانیی هەردوو وڵات دەبێت.
گازی سروشتی و هەناردەی وزە لە ئێرانەوە بۆ عێراق
یەکێک لەو تەوەرانەی لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو شاندی عێراقی و ئێرانیدا باسکراوە، پرسی وزە بووە لە هەردوو وڵات، بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق ڕێککەوتنی واژوو کردووە لەگەڵ کۆمپانیای “تۆتاڵ ئینەرجی” بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی.
لە گفتوگۆکاندا باسلەوەکراوە، ئەگەر حکومەتی عێراق گازی سروشتیی پێویست بەرهەمبهێنێت، چی بەسەر هەناردەی وزەدا دێت لە ئێرانەوە بۆ عێراق؟.
حکومەتی عێراق ئەگەر گازی سروشتی بەرهەمبهێنێت، ئەوا پێویستی بە گازی ئێرانی نابێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و هەروەها کارەباش لە ئێرانەوە هاوردە ناکات، چونکە لە ئێستادا هەردوو وزەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هاوردە دەکرێت.
پەیوەندیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی نێوان عێراق و ئێران
بەرپرسانی ئێرانی هەمیشە جەخت لەوەدەکەنەوە جیاوازییەکانی نێوان عێراقییەکان و ئێرانییەکان بەهۆی پەیوەندیی ئایینییەوە کەمتربووەتەوە، ئەم وتەیەی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە کۆی دانیشتووانی عێراق و ئێران لەسەر ئایینزای شیعە نین.
ڕێککەوتن لەسەر میکانزمی گواستنەوەی گەشتیارانی ئایینی شیعە بۆ عێراق و سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی ئایینزای شیعە یەکێکی دیکە بووە لە تەوەرەکانی گفتوگۆی هەردوولا، حکومەتی عێراق بەڵێنی هەموو ئاسانکارییەکی بۆ گەشتیاران داوە و وەک نیەتپاکیش 30 هەزار ڤیزای دیکەی بۆ گەشتیارە ئایینییەکانی ئێران زیادکردووە.
لە گفتوگۆکاندا ڕێککەوتن کراوە لەسەر هەڵگرتنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات، بۆ گەشتی ئاسمانی و بڕیاردراوە لە ئێستادا هەرکەس لە ڕێگای ئاسمانییەوە گەشتبکات لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا پێویستی بە ڤیزا نەبێت.
نێوەندگیریی عێراق لەنێوان ئێران و سعودیە-دا
بەشێکی گفتوگۆکانی نێوان شاندی عێراق و ئێران لەسەر پرسی نێوەندگیری عێراق بووە لەنێوان ئێران و سعودیەدا، کازمی ڕایگەیاندووە، سوورن لەسەر ئەوەی عێراق ڕۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ بگەڕێندرێتەوە و نێوەندگیریش بکات لەنێوان ئێران و عێراقدا.
پێشتر لە لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغداد، بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێكی دیكە سەردانی عێراقیان کرد و پرسی پەیوەندیی نێوان ئێران و سعودیە تاوتوێکرا.
بڕیارە ڕاسپاردە و بۆچوونی ئێرانییەکان لەلایەن عێراقەوە بدرێتە شاندی سعودی، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغداد دەکەن.
دووبارە هەڕەشە لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندووە، چالاکی حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەوانی نیگەران کردووە و دەبێت ئەو حزبانە بچنەدەرەوە.
عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا وتوویەتی، “چالاکی حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەمنیەتی سنورەکانی نێوان عێراق و ئێرانی تێکداوە و پێویستە بوەستێندرێت و جارێکی دیکە ئەمە هۆشداری دەبێت.”