بی بی سی: دەیان فەرماندەی سوپای پاسداران بەتۆمەتی سیخوڕیكردن دەستگیركراون

دەستەی پەخشی بەریتانی (بی بی سی) ئاشكرایكرد، حكومەتی ئێران دەیان فەرماندەی سوپای پاسدارانی بەتۆمەتی سیخوڕیكردن و تێوەگلان لە كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەی دەستگیركردووە.

دامەزراوە میدیاییەكە ڕوونیكردووەتەوە، ئەو فەرماندانە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە تیرۆركردنی موحسن فەخری زادە زانای ئەتۆمی كە لە كۆتایی ساڵی 2020دا تیرۆركرا.

لە وردەكاریی دۆسیەكەدا هاتووە، مەحمود عەلەوی وەزیری پێشووی هەواڵگریی ئێران، پێشوەختە دەزگا ئەمنییەكانی وڵاتەكەی ئاگاداركردووەتەوە لە بوونی پلانێك بۆ تیرۆركردنی فەخری زادە، تەنانەت كات و شوێنەكەشی بەر لە دوو مانگ لە جێبەجێكردنی تیرۆركردنەكە دەستنیشانكردبوو.

بی بی سی دەڵێت، عەلەوی ئەوكات پێیوابووە كە پلانداڕێژەرانی تیرۆركردنی زانا ئەتۆمییەكە، سەر بە هێزە ئەمنییەكانی ئێرانن و بەدیاریكراوی لە سوپای پاسدارانن.

ئەندازیاری سەرەكیی پلانی تیرۆركردنەكە، فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسداران بووە، چونكە بەرزیی پۆستەكەی دەسەڵاتی ئەوەی پێداوە هۆشدارییەكەی وەزیری پێشووی هەواڵگریی پشتگوێبخات و پلانی تیرۆركردنەكە لە كات و شوێنی خۆیدا جێبەجێبكات، وەك بی بی سی باسیكردووە.

دامەزراوەكە لەزاری چەندین سەرچاوەی ناو بەشی ئەمنیی گرتووخانەی ئیڤین لە تاران بڵاویكردووەتەوە، دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە گرتووخانەكەدا دەستبەسەركراون، بەڵام حكومەتی ئێران ناو و پلەكانیان ئاشكراناكات بۆ ئەوەی ناوبانگی سوپای پاسداران لەكەدارنەبێت.

لە تشرینی دووەمی 2020دا موحسن فەخری زادە كە زانایەكی ئەتۆمیی ئێران بوو، لە ناوچەی دەماوەندی ڕۆژهەڵاتی تاران بە فیشەك كوژرا، ئێران ئۆباڵی كارەكەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل و هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كرد، لە بەرامبەردا ئیسرائیل دانی بە ئەنجامدانیدا نەنا و ڕەتیشینەكردەوە.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. نۆرەگرتنی خەڵکی سەقز بۆ کڕینی برنج

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی: هەر فەرمانبەرێک ڤاکسینی وەرنەگرتبێت مووچەی پێنادرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share