سێ لەو 57 کۆچبەرەی لە سوریا دەستبەسەربوون دیارنین

کەمێک پێش ئێستا ئەو کۆچبەرە کوردانەی لە سوریا دەستبەسەرکرابوون، گەیشتنەوە خاکی هەرێمی کوردستان و لەکۆی 57 کۆچبەر، سیانیان نەگەڕاونەتەوە و بەرپرسی دەزگای لوتکەش دەڵێت، “خۆیان نەیانویستووە بێنەوە هەرێمی کوردستان”.

ئەو كۆچبەرە کوردانە لەکاتێکدا كە چوونەتە ناو تورکیاوە دەستگیرکراون و دیپۆرتی سوریا کراونەتەوە. یەکێک لە كۆچبەرەكان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا کرد و دەڵێت، “پێیانوتین ئێوە پەنجەمۆری هاوڵاتیی سوریاتان کردووە و دەبێت دیپۆرتی ئەو وڵاتە بکرێنەوە”.

وتیشی، “لە سوریا دۆخمان زۆر خراپبوو، لە ڕۆژێکدا تەنها یەک ژەم نانخواردنمان هەبوو سەرباری ئەوەش بەهۆی پیسیی شوێنەکەوە بەشێکمان تووشی نەخۆشیی پێست بووین”.

داواشیکرد ئەو سێ هاوڕێیەیان کە دیارنین سۆراغیان بکرێت و چارەنووسیان ئاشكرابكرێت.

لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ كۆچبەرەی دیارنین، ئاری جەلال بەرپرسی دەزگای لوتکە بۆ پەنابەران ڕایگەیاند، “ئێمە لەسەرەتاوە ئەو پەنابەرانەمان ئاگادارکردەوە کە بەهیچ ڕێگایەک هەوڵی چوونەناو خاکی تورکیا یان هەرێمی کوردستان نەدەن بەنایاسایی، بەڵام ئەو سێ پەنابەرە ویستوویانە بەنایاسایی بڕۆنەوە تورکیا و دەستگیرکراون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهەماهەنگیی باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، داوامان لە تورکیا کردووە دیپۆرتی هەرێمی کوردستانیان بکەنەوە و بەڵێنیانداوە ئەگەر لە سنووری تورکیا و دەسەڵاتی ئەواندابن بیانگەڕێننەوە”.

ئاری جەلال ڕاشیگەیاند، ئەو پەنابەرانەی گەڕێندراونەتەوە خاکی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگیی نێوان دەزگای لوتکە، نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا كارەكە ئەنجامدراوە.

بابەتی پێشتر

گۆتیرێش داواکاریی وڵاتان بۆ دواخستنی لوتکەی ئاووهەوا ڕەتدەکاتەوە.. پەتاکان هۆشدارین

بابەتی دواتر

هەولێر.. بەهۆی ڕووخانی دیوارێك دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share