ماوەیەکە بەهۆی دەستکاریکردن و دزینی ئاسنی تاوەرەکانی کارەبا لە ناوچەی سەنگاو، زیانی زۆر بەر ئەو تاوەرانە کەوتووە و ئەگەری هەیە بەشێک لە سلێمانی و گەرمیان بێ کارەبا بن.
لەسەر ئەو ڕووداوە، سالار حسامەدین، بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاندووە، ” ماوەیەکە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نەفس نزمەوە، لە سنوری ناوچەی سەنگاو ئاسنی ئەو تاوەرانە دەدزرێت کە کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوێزنەوە ، بەوەش جگە لە زیانی مادی، کە بە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، مەترسی کەوتنی تاوەرەکان و بێ کارەبا بوونی نیوەی سلێمانی و گەرمیان .”
بەرێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی ئاشکرایکردووە، “دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنەپەیوەدارەکانی سنورەکە خۆشبەختانە توانراوە چەند کەسێک دەستگیر بکرێت و دەستخۆشیان لێدەکەین.”
وتوشیەتی “داوکارین لایەنە پەیوەندارەکانی کاری جدی بکەن بۆ بنەبڕکردنی ئەوە دیاردەیە، بەسزاگەیاندنی تاوانباران چونکە ئەوە تاوانێکە بەرامبەر سلێمانی و گەرمیان.”
پێشتریش کارەبای سلێمانی هۆشداری دابوو لە ئەگەری بەردەوامی ئەو دیاردەیە، کە بەشێک لە تاوەرەکان دەکەون و ئەوەش جگە لە بێ کارەبا بوونی بەشێک لە هاوڵاتییان زیانی گەورەی مادی لێدەکەوێتەوە.