پارە و مۆبایلیان لە هاوڵاتییان سەندبوو
پۆلیسی سلێمانی سێ تۆمەتباری دەستگیركرد

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە لە چیای ئەزمەڕ هێرشیان كردبووەسەر دوو هاوڵاتی و پارە و مۆبایلەكانیان لێسەندبوون.

لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، “مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە هێرشیان كردبووەسەر دوو هاوڵاتی و پارە و مۆبایلەكانیان لێسەندبوون.”

پۆلیس باسی لەوەشكردووە، پاش تۆماركردنی سكاڵا، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا هەمان شەو تۆمەتباری یەکەم (ھ، ف، ع لەدایكبووی 1981 ) دەستگیربكرێت و دوای 24 كاتژمێر تۆمەتباری دووەم (ف، س، ت لەدایكبوی 1991 ) دەستگیرکرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوامبوون كە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو، سەرەنجام دوای 20 ڕۆژ توانرا تۆمەتبار (ج، م، س لەدایكبوی 1984 دەستگیربكرێت) كە تۆمەتبار پێشتر سزادراوە لەسەر تاوانی دزیكردن. ئێستاش هەرسێ تۆمەتبار كە دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و دەستیشگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیاندا”.

پۆلیسی سلێمانی داواشدەكات، هەر هاوڵاتییەك لەهەردوو چیای گۆیژە و ئەزمەڕ ڕێگریلێكراوە و پارە و مۆبایلی لێسەندراوە، سەردانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ بكات بۆ ناسینەوەی تۆمەتباران و تۆماركردنی سكاڵا لەدژیان.

بابەتی پێشتر

مالیكی: هیچ لایەنێك بەبێ هاوپەیمانێتیكردن ناتوانێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت

بابەتی دواتر

ئێران بارەگاكانی حدكای كردووەتە ئامانج

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share