كورد بەرامبەر كۆبوونەوەی هەواڵگرییەكانی عێراق، سوریا و توركیا چی بكات؟

پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، پێویستە كورد كۆبوونەوەی هاواڵگریی عێراق، توركیا و سوریا بەهەند وەربگرێت، خاڵی سەرەكیش خۆڕێكخستنەوەیە.

پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەی دەزگا هەواڵگرییەكانی عێراق و دراوسێكانی، پرسی كورد بووە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوو، بە نێوەندگیریی دەزگای هەواڵگریی عێراق، هەریەكە لە دەزگاكانی هەواڵگریی سوریا و توركیا كۆبوونەوە.

لەوبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد، وتی، “هەرسێ وڵاتەكە بەرژوەندیی هاوبەش و چەند پرسێك كۆیكردوونەتەوە”.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و پرسە تاوتوێكراوەكان، پەرلەمانتارە كوردەكە پێیوایە، جگە لە پرسی ئاو، بەرژوەندیی سیاسی و ئابوری و پرسی كوردیش بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەیان بووە.

هەرێم كەمال ئاغا نەیشاردەوە، ئەو بەشەی تایبەت بووە بە كورد لە كۆبوونەوەكاندا، بۆ كورد گرنگە، “بەوپێیەی لە ڕۆژئاوا، باشوور و باكور، كورد داهاتووی هاوبەشی هەیە و ئەم وڵاتانەش ئەو پرسەیان تاوتوێكردووە”.

ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆچوونی وایە كە دۆخی كورد لەعێراق جیاوازە لە سوریا و توركیا، “چونكە دەستوور ڕێگەچارەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا عێراق وەكو وڵاتێكی فیدراڵ دەكەوێتە ژێرباری ئەو سیاسەتەی ئاكپارتی و بەشار ئەسەد بەرامبەر كورد دەیكەن؟!.

بۆیە هەرێم كەمال ئاغا بەپێویستی دەزانێت، “كورد نێوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە و كار لەسەر ئەو پێشهاتانەش بكات، تا نەبێتە قوربانیی سیاسەتی هەرێمایەتی، یان گرژییەكانی ناوچەكە”.

بابەتی پێشتر

یاسای ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌مواركرایه‌وه‌

بابەتی دواتر

تاڵیبان حکومەتی كاتیی ئەفغانستانی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share