نازم عەبدوڵا: بەهۆی بێپلانی حکومەتەوە نرخی مریشک بەرزبووەتەوە

نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، بەهۆی بێپلانی حکومەتەوە نرخی مریشک روو لە بەرزبوونەوە کردووە هاوڵاتییانیش زەرمەندی یەکەمن.

نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمڕۆ لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان چوار نرخ بۆ مریشک هەبووە بە پێی کێشی مریشکەکان، کێشی یەک کیلۆ و 700 گرام تا یەک کیلۆ و 900 گرام بە سێ هەزار و 300 دینار بووە،  کێشی دوو کیلۆ و 300 بۆ دوو کیلۆ و 400 گرام بە سێ هەزار و 900 دینار بووە، دوو کیلۆ و 700 گرام بۆ  دوو کیلۆ و 800 گرام بە چوار هەزار و 100 دینار بووە، لە سێ کیلۆ و زیاتر بە چوار هەزار و 300 دینار فرۆشراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندی بە بێپلانی حکومەتەوە هەیە، ماوەی چەندێکە کە مریشک بە هەرزان فرۆشراوە بە زەرەری خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بووە، ئێمە چەند ساڵە هاواردەکەین، حکومەت نرخی مریشک رێکبخات ئاسانکاری بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بکات، تێچوو کەمبکاتەوە، بەڵام هیچ کەسێک گوێمان لێناگرێت”.

باسیلەوەشکرد، “رۆژ بە رۆژ نرخی عەلەف و دەرمان و سووتەمەنی بەرزدەبێتەوە، جگە لە خراپی کوالێتییەکەی، من بە دڵنیاییەوە دەڵێم بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندی بە ناردنییەوە نییە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشوور، ئێمە لە تواناماندایە زۆر زیاتر لە مریشک بخەینە بازاڕەکانەوە، بەڵام بە شێوەیەک حکومەت کارئاسانیمان بۆ بکات”.

 

 

بابەتی پێشتر

چۆن دەتوانرێت پاشەکەوت و پلەبەرزکردنەوە بگەڕێندرێتەوە؟

بابەتی دواتر

لە رووداوێكی تەقەكردندا لە دهۆك كەسێك گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share