وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەفەرمی بڕیاردراوە بۆ ماوەی یەک هەفتە ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا تایبەتبکرێن بە مامۆستایانی فەرمانبەر لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، “سەرجەم سەنتەر و بنکەکانی پێدانی ڤاکسین لە گشت پارێزگا و ئیدارە و ناوشار و قەزا و ناحیەکان بۆماوەی یەک هەفتەی تەواو لە ڕێکەوتی 7ی ئەیلول تاوەکو 15ی ئەیلولی 2021 تایبەت دەكرێن بە پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان”.
ڕوونیشیكردەوە كە بەمەبەست لەو هەڵمەتە، “تەواوکردنی سەرجەم مامۆستایانە بە وەرگرتنی ڤاکسین پێش دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.”
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتیشی، “بۆ ئەم مەبەستە داوا لە هەموو مامۆستایان دەکرێت بەپەلە هەر ئەمڕۆ خۆیان لە سیستمی ئۆنڵاینی وەرگرتنی ڤاکسین تۆماربکەن.”
کلیک لێرە بکە بۆ خۆتۆمارکردن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا