پارێزگاری سلێمانی: کارەکانی شەقامی 100 مەتری خێراتر لەوەی پلانیان بۆدانرابوو بەڕێوەدەچن

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، کارەکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەباشی و خێراتر لەوەی پلانیان بۆ دانرابوو بەڕێوەدەچن، جگە لەوەی تەواوبوونی پرۆژەکەی بەر لەوادەی دیاریکراوی خۆی بە دوورنەزانی.

لەمیانەی بەسەرکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی شاری سلێمانی لەوانە شەقامی 100 مەتری، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کارەکانی بەخێرایی بەڕێوەدەچن و هیچ ئاستەنگ و ڕێگرییەک لەبەردەم پرۆژەکەدا نەماوە، سوپاسی خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە و سەرجەم ئەو کەسانەی کرد کە بەرژەوەندییەکانیان کەوتوونەتە سەر شەقامەکە، کە ڕێگرییان بۆ پرۆژەکە دروستنەکردووە.

وتیشی، “ئومێدمان زۆرە پرۆژەکە بەرلە وادەی دیاریکراوی خۆی تەواودەبێت”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پێشنیازەی پێشکەشیانکردبوو بۆ ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو لەم قۆناغەدا شەقامی 100 مەتری بە ناوەندی شارەوە ببەستنەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندیی لەسەردراوە، لەم قۆناغەدا لە پێنج شوێنەوە ناوەندی شاری سلێمانی دەبەسترێتەوە بە شەقامی 100 مەترییەوە، بەمەش قەرەباڵغی ناوشار کەمدەبێتەوە.

پارێزگاری سلێمانی وتی، “ئەم بەشەی دووەم هێندەی شەقامی 100 مەتری خۆی گرنگە چونکە شەقامەکە تەنها قەرەباڵغی دەرەوەی شار کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەم بەشە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناوەندی شار دەبێت”.

هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر دووسایدکردنی ڕێگای نێوان فولکەی هەواری شار بۆ بازگەی دۆڵەڕووتی بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند بەمنزیکانە ئەو ڕێگایە تەواودەبێت و قەرەباڵغی ڕێگاکە چارەسەردەبێت.

بابەتی پێشتر

سەباح هەورامی بەتەنزەوە: ئەوەی بەخۆشی خۆی ناكوتێت دەیكوتین

بابەتی دواتر

تائێستا باجی دڵپاکیت داوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share