سەباح هەورامی بەتەنزەوە: ئەوەی بەخۆشی خۆی ناكوتێت دەیكوتین

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی

تەندروستیی سلێمانی كردنەوەی چوار بنكەی نوێی پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا تایبەت بە مامۆستا و فەرمانبەرانی كەرتی پەروەردە ڕادەگەیەنێت و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی-ش دەڵێت، “ئەوەی بەخۆشی خۆی دەكوتێت با خۆی بكوتێت، ئەوەی بەخۆشی خۆی ناكوتێت دەیكوتین”.

بەمەبەستی پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتی پەروەردە بەر لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، چوار بنكەی پێدانی ڤاكسین لە سنووری هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی كرانەوە. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ڤاكسین تاكە ڕێگاچارەی سەركەوتنە بەسەر پەتای كۆرۆنادا، داوا لە هاوڵاتییان دەكەم بەهەموو شێوەیەك ڕووبكەنە بنكەكانی كوتان و خۆیان بكوتن و دوودڵ نەبن لە بەكارهێنانی هەموو جۆرەكانی ڤاكسین كە لەبەردەستدان”.

وتیشی، “ڕێژەیەكی باش لە ڤاكسینی فایزەر لەبەردەستدایە و لە زۆربەی بنكەكاندا بەردەستە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی شار و هەموو چین و توێژەكان دەكەم دوودڵ نەبن لە بەكارهێنانی”.

لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە و بە ڕاسپاردنی وەزارەتی تەندروستی، پلانێك دانراوە بۆ كردنەوەی ئەو بنكانە بەمەبەستی كوتانی مامۆستایان، وەك ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی پێدا و ئاشكراشیكرد، “لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لە كارگەی كۆنی جگەرەی سلێمانی گەورەترین بنكەی كوتان دەكەینەوە كە تیایدا بە ڕێكارێكی زۆر ئاسان و بەكاتێكی كەم دەتوانن ڤاكسینی فایزەر وەربگرن”.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەباح هەورامی گاڵتەئامێزانە وتی، “ئەوەی بەخۆشی خۆی دەكوتێت با خۆی بكوتێت، ئەوەی بەخۆشی خۆی ناكوتێت دەیكوتین”.

لای خۆیەوە ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم وتی، ڤاكسینی پێویست هەفتانە لەلایەن حكومەتی بەغداد و وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە بۆ هەرێم دابیندەكرێت و دەگاتە سەرجەم ئەو بەڕادە تایبەتانەی بۆیان تەرخانكراوە. دووپاتیشیكردەوە، “لەدوای خۆپارێزی، تاكە ڕێگای خۆپاراستن لە كۆرۆنا لێدانی ڤاكسینە”. دەربارەی ئەو مەترسییانە كە لەبارەی لێدانی ڤاكسین هەندێكجار باسدەكرێن، ڕەهێڵ فەرەیدون وتی، “بەپێی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەو ڤاكسینانەی لە عێراق و هەرێم هەن و بەكاردەهێنرێن هیچ گرفتێكیان نییە و توانایەكی باشیان هەیە بۆ دروستكردنی بەرگریی لەش”.

بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد كە بەدوای هەندێك ڕێكاردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی مامۆستایان و تاكەكانی كۆمەڵگە پابەندبكەن بە بەكارهێنانی ڤاكسین. دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەشداربوو و ڕایگەیاند، تائێستا لەكۆی 50 هەزار و 143 مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردە، تەنها نزیكەی چوار هەزاریان ڤاكسینیان وەرگرتووە. ڕوونیشیكردەوە، ئەو چوار بنكەیەی ئەمڕۆ كراونەتەوە بریتین لە هۆڵی شەهید شەوكەوت و قوتابخانەی خاكی بنەڕەتی لە سنووری پەروەردەی ڕۆژئاوا، هەروەها قوتابخانەی ئایندە و قوتابخانەی دڵدار لە سنووری پەروەردەی ڕۆژهەڵات.

بابەتی پێشتر

لە سبەینێوە بەیانیان ئینتەرنێت ڕادەگیرێت

بابەتی دواتر

پارێزگاری سلێمانی: کارەکانی شەقامی 100 مەتری خێراتر لەوەی پلانیان بۆدانرابوو بەڕێوەدەچن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share