بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، دوو تۆمەتباریان بە پارەی ساختەوە دەستگیرکرد و بە بڕیاری دادوەر راگیران.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، “دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر، بە بوونی پارەی تەزویر لە مارکێتێکدا، دەستبەجێ دەستکرا بە لێکۆڵینەوه لە رووداوەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەیشتن بە ئەنجام، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ع.ح.ع) لەدایکبووی ساڵی 2008 و (ع.ف.س) لەدایکبووی ساڵی 1995 دەستگیرکران، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا و بە وتەی خۆیان پارەکەیان، لە دەرەوەی هەرێم هێناوە و ویستوویانە لە بازاڕ، ساغیبکەنەوە.
پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران، دەستگیرا بەسەر یەک ملیۆن و 225 هەزار دیناری عێراقی لە جۆری 25 هەزار دیناری و 700 دۆلاری ئەمریکی لە جۆری 100 دۆلاری.
باسلەوەشدەکات، بە بڕیاری دادوەر، بە ماددەی 281 له یاسای سزادانی عێراقی راگیران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.