وتەبێژی پێنتاگۆن دووپاتیكردەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کۆتایی هاتووە و دەستوەردان لە پێكدادانەكانی پەنجشیر ناكات.
جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی پێكدادانەكانی تاڵیبان و هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی لە ئەفغانستان پرسیاری لێكرا، بە ڕوونی وتی، ”ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفغانستان کۆتایی هاتووە”.
كێربی دووپاتیكردەوە، كە پارە و خوێنیان لە ئەفغانستان بەخەرجداوە تا وڵاتەكە نەبێتەوە بە لانكەی تیرۆریستان، هاوكاربوون تا هێزەكانی ئەفغانستان توانا و دەسەڵاتیان هەبێت، بەڵام بە نیگەرانییەوە وتی، “کەس پێشبینیی ئەوەی نەکرد ئەوان نەتوانن بجەنگن”.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو گفتوگۆ لەنێوانیاندا هەبێت و نەگەنە شەڕ و پێكدادان، بەڵام پێكدادان لەنێوان تاڵیبان و هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی ئەفغانستان بە سەركردایەتیی ئەحمەد مەسعود لە ویلایەتی پەنجشیر ڕوویداوە و باس لە كوژرانی سەدان چەكداری تاڵیبان دەكرێت.