سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “ئەو بەڵێنەمان بردەسەر کە لەبەردەم گەل دابوومان، پرۆژە یاسای خزمەتی سەربازی “خزمەتی ئاڵا” پەسەندکرا”.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نوسیوویەتی، “ئەمڕۆ ئەو بەڵێنەمان بردەسەر کە لەبەردەم گەل دابوومان لە ڕێگای پەسەندکردنی خزمەتی ئاڵا، ئەم هەنگاوە بەهاکانی نیشتمانپەروەریی دەچەسپێنێت”.
كازمی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، “هەروەها پرۆژەی سندوقی نەوەکانمان خستەڕوو کە دەمانپارێزێت لە پشتبەستنی تەواوەتی بە نەوت”.
دەربارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، “پێکەوەش لەسەر بەڵێنی خۆمان دەچینە هەڵبژاردنی پێشوەختە”.
قسەكانی كازمی دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران كۆبووهوه و پرۆژە یاسای خزمەتی سەربازی “خزمەتی ئاڵا”-ی پەسەندكرد.
نازم باسی لەوەشكردبوو، پرۆژە یاساكە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، تا خوێندنەوەی بۆبكات و پەسەندیبكات.