توركیا، ڕۆژئاواى كوردستان دووچارى كه‌مئاوى ده‌كات

ئاوى ڕووبارى فورات كه‌مبووه‌ته‌وه‌

چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سوریا و به‌تایبه‌ت ڕۆژئاواى كوردستان، به‌هۆی كه‌میی ئاوه‌وه‌ به‌ وشكه‌ساڵی و دۆخێكی دژواردا گوزه‌رده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌ش وه‌ك دانیشتووانى ئه‌و ناوچانه‌ خۆیان ده‌ڵێن، “توركیایه‌”.

بۆ فشارخستنه‌سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان، توركیا له‌ڕێگه‌ى دروستكردنى به‌نداو و گرتنه‌وه‌ى ئاوى ڕووبارى فوراته‌وه‌، دانیشتووانى ئه‌و ناوچانه‌ى دووچارى وشكه‌ساڵی و قه‌یرانى ئاو كردووه‌.

ماوه‌یه‌ك بوو شاره‌زایانى ژینگه‌ هۆشدارییان ده‌دا له‌ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى ئاو له‌ ڕۆژئاواى كوردستان، ئێستا ئاوى ڕووبارى فورات كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و قه‌یرانه‌كه‌ بووه‌ به‌ ڕاستی، توركیاش به‌ هۆكارى دروستكردنى تۆمه‌تبارده‌كرێت.

ئه‌نكه‌ره‌ ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌ پلان كارى بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاوى ڕۆژئاواى كوردستان كردبێت و له‌زارى كاربه‌ده‌ستانییه‌وه‌ ده‌ڵێت، “هۆكاره‌كه‌ى ئه‌و گۆڕانه‌ى ئاووهه‌وایه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و شاره‌زایانى ژینگه‌ هۆشداری له‌ سه‌رهه‌ڵدانى ده‌ده‌ن”.

دانیشتوویه‌كی ناوچه‌كانى كه‌مئاوى، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێسی ڕاگه‌یاندووه‌، هه‌ستده‌كه‌ن له‌ بیاباندا ده‌ژین، ته‌نانه‌ت بیریان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ ڕه‌وبكه‌ن و ناوچه‌كه‌یان به‌جێبهێڵن، چونكه‌ ئاوى خواردنه‌وه‌یان ده‌ستناكه‌وێت.

ئه‌وه‌ی وایكردووه‌ قه‌یرانى ئاو زۆر قورسبێت له‌سه‌ر دانیشتووانى ڕۆژئاواى كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ و بوارى كشتوكاڵ به‌تایبه‌ت ئاودانى دارستانه‌كانى زه‌یتوون، ئاو سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی وزه‌ى كاره‌بایه‌.

له‌ سوریا دوو به‌نداوى سه‌ره‌كیی هه‌ن كه‌ بریتین له‌ به‌نداوى تشرین له‌ حه‌له‌ب و به‌نداوى ته‌به‌قه‌ له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌سه‌د له‌ ڕقه‌. ئه‌و دوو به‌نداوه‌، ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 90ى كاره‌باى ناوچه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان دابینده‌كه‌ن. به‌ دابه‌زینی ئاستی ئاوى ڕووبارى فورات، گرفتى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ئه‌و دوو به‌نداوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌وه‌ش به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانى ڕۆژئاواى كوردستان و چالاكوانان و ژینگه‌پارێزان، نیگه‌رانن له‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت و داوا له‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌ڵه‌تی ده‌كه‌ن هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و فشاربخاته‌سه‌ر توركیا بۆئه‌وه‌ی سیاسه‌تی “وشككردنى سه‌رچاوه‌ى ئاو”ى سوریا و ڕۆژئاواى كوردستان ڕابگرێت.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونكردنەوە لەسەر بودجەی 2022 دەدات

بابەتی دواتر

منداڵێك بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا: كه‌ی واز له‌ جه‌نگ ده‌هێنن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share