ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونكردنەوە لەسەر بودجەی 2022 دەدات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، پرۆژەی بودجەی 2022 نەگەیشتووەتە پەرلەمان، پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایش دەڵێت، تێپەڕاندنی پرۆژەكە دەكەوێتە نزیكەی ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، تائێستا حكومەت پرۆژەیاسای بودجەی ڕەوانەی ئەنجومەنەكە نەكردووە بەهۆی تەواونەبوونیەوە، ئەوەشی وت، “تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان بەس نییە بۆ تاوتوێكردنی یاساكە”.

ئاشكراشیكرد، پەرلەمان مەرجی هەڵوەشاندنەوەی بەستووەتەوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، واتە دوو ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەوەشێتەوە.

لای خۆیەوە ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، هەر پرۆژە یاسایەك لەم كاتەدا پێشكەش بكرێت، هیچ بەهایەكی نییە، بەهۆی ئەوەی پەرلەمان كاتی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ تێپەڕاندنی، بەهۆی نزیكی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراق لە زاری سەفار بڵاویكردووەتەوە، “حكومەت دەگۆڕێت بۆ حكومەتی كاربەڕێكەری ڕۆژانە لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن”، بە وتەی ئەو “تێپەڕاندنی بودجە پێویستی بە كاتە، كە دەگاتە نیوەی ساڵی داهاتوو”.

لەكاتی نەبوونی یاسای بودجەدا مامەڵەی دارایی ساڵی داهاتوو بەپێی سیستمی 12/1ی یاسای بودجەی 2021 دەبێت.

دوێنێ لیژنەی دارایی بەدووریزانی بودجەی 2022 لەم ماوەیەی لەبەردەست ماوە بڕیاری لەسەربدرێت و ئاماژەی بەوەشكرد، كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند كە تائێستا چارەسەرنەكراوە، یەكێكە لەو خاڵانەی ڕێگری لە پەسەندكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو دەكات.

پێنجشەممەی ڕابردووش عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی تەواوكردنی ئامادەكردنی بودجەی 2022ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد لەماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

بابەتی پێشتر

گوێگرتن لە میوزیک

بابەتی دواتر

توركیا، ڕۆژئاواى كوردستان دووچارى كه‌مئاوى ده‌كات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share