پەیامی سەركردە و شاندی وڵاتان لە لوتكەی دراوسێكانی عێراق

سەرانی بەشدار لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە بەشداری سەرۆك و شاندی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهان دەستیپێكرد، بەشداربووان پشتیوانی خۆیان بۆ حكومەت و گەلی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كردەوە.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتاری دەستپێكی لوتكەی بەغداد ڕایگەیاند، عێراق ڕوبەڕووی ئالنگاریی گەورە بووەوە لە بوارە جیاوازەكاندا، وتیشی، “سازدانی كۆنگەری بەغداد تێڕوانینی عێراق بەرجەستە دەكات لەسەر پێویستیی بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا”، ڕاشیگەیاند” “بەڵێنماندا لەبەردەم گەل بە گێڕانەوەی ڕۆڵی پێشڕەوانەی عێراق”.

كازمی دوپاتیشیكردەوە، “عێراق بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان ڕەتدەكاتەوە و ڕەتیشیدەكاتەوە ببێتە ناوچەی هێرش بۆسەر هیچ لایەك”.

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا دووپاتیكردەوە، پاریس پابەندە بە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پشتیوانیكردنی عێراق.

هەروەك خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە جارێكی دیكە گەڕانەوەی بۆ عێراق و بەشداریكردنی لە لوتكەی بەغداد و وتی، “فەڕەنسا پابەنددەبێت بە پشتیوانیكردنی عێراق و لێرەین بۆ بەهێزكردنی سەروەرییەكەی”.

دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتووش سەرۆكی فەرەنسا وتی، “هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێتە قۆناغێكی نوێ، یەكێتیی ئەوروپا چاودێر بۆ هەڵبژاردنی تشرین ڕەوانە دەكات”، ئاماژەی بەوەشكرد كە “فەرەنسا پڕۆژەی جۆراوجۆری لە عێراق هەیە”.

شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئوردون، كە یەكێكی دیكەیە لە سەركردە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە وتی، ئاسایشی عێراق ئاسایشی هەموومانە لە ناوچەكەدا.

وتیشی، “خۆشحاڵین بە بوونمان لە كۆنگرەی بەغداد، كۆبوونەوەمان لە كۆنگرەكە بەڵگەیە لەسەر ڕۆڵی كاریگەری عێراق”.

شا عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، “عێراق چەند ساڵێكە شێلگیرانە كاردەكات لەسەر بونیادنانی دەوڵەتی دەستوور و یاسا”.

جەختیشیكردەوە، پشتیوانیكردنی عێراق لە پێشینەی كارەكانیانە.

تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەریش لە وتەیەكیدا ڕایگەیاند، وڵاتەكە لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پشتیوانیی عێراق دەكات.

هەروەك پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی كە لەبارەی سەقامگیری لە عێراق لەئارادایە و جەختیشی لەسەر “یەكێتیی عێراق” كردەوە.

تەمیم بن حەمەد وتی، “عێراق شیاوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا” و متمانەی قەتەریشی لە گەڕانەوەی هێزی عێراق نیشاندا.

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا بە نوێنەرایەتی وڵاتەكەی یەكێكی دیكە بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە.

چاوشئۆغلۆ باسی لە گرنگی پەرەپێدانی ئابوری لە هێنانەدیی ئاسایشدا كرد و خۆشحاڵی خۆی لە بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكە نیشاندا و وتی، “وڵاتەكەی بەردەوامە لە پێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ عێراق و هێنانەدیی سەقامگیری”.

هەروەك باسی لە دۆسیەی پارتی كرێكارانی كوردستان كرد و وتی، “بوونیان هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق دەكات”.

سوباح خالد سوباح، سەرۆك وەزیرانی كوەیت-یش وتەیەكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، وڵاتانی عەرەبی سەقامگیری بەخۆیانەوە نابینن ئەگەر عێراق سەقامگیر نەبێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە عێراق “یەكێكە لە بنەچە ئەمنی و ئابورییەكان لە ناوچەكەدا”.

وتیشی، “كوەیت چاوی لەسەر درێژەپێدان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە واژووكراوەكانە لەنێوان عێراق و كوەیتدا”.

لەلایەكی ترەوە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر خۆشحاڵی خۆی بەئامادەبوونی لە عێراق نیشاندا و ڕایگەیاند، وڵاتەكە پاڵپشتی حكومەتی عێراق دەبێت لە هێنانەدی ئاسایشدا.

سیسی ئەوەشی وت، وڵاتەكەی پەلامارەكان بۆسەر خاكی عێراق ڕەتدەكاتەوە، ویستی خۆیشی نیشاندا بە گواستنەوەی ئەزموونەكەی بۆ عێراق و پێكەوە هەنگاونان بەرەو ئایندە.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیەش وتەیەكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، “كۆنگرەی بەغداد لەكاتێكدایە ناوچەكەمان پێویستی بە هەماهەنگییە”.

وتیشی، سعودیە بەردەوامە لە كاركردن بۆ سەقامگیریی عێراق، پشتیوانی وڵاتەكەیشی بۆ عێراق لە سەرجەم بوارەكاندا دووپاتكردەوە.

فەرحان ئەوەشی خستەڕوو، ڕیاز پشتیوانی ئاشتەوایی و گفتوگۆ دەكات و جەخت لەسەر سەروەریی عێراق دەكاتەوە.

حسێن ئەمیر عەبدوللهیان، وەزیری نوێی دەرەوەی ئێران نوێنەرایەتی تارانی لە كۆنگرەكەدا كرد و و لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، عێراق ڕۆڵێكی گرنگ لە ناوچەكەدا دەگێڕێت.

وتیشی، “تاران لە یەكەم وڵاتانی ناوچەكە بوو كە دانینا بە عێراقی نوێدا”، باسی لەوەشكرد كە ئێران پشتیوانیی سەقامگیری و یەكێتیی خاكی عێراق دەكات.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی وت، عێراق زیانی زۆری بەركەوت بەهۆی دەركەوتنی گروپە تیرۆرستییەكانەوە.

هەروەك باسی لە بواری بازرگانیش كرد و وتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێرا لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە 300 ملیار دۆلار.

سوهەیل مەزروعی، وەزیری وزەی ئیمارات وتەیەكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، كۆنگرەی بەغداد هەنگاوێكی گرنگە لەسەر ڕێگای گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوەندیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

وتیشی، وڵاتەكەی هاوشانی عێراق دەبێت. جەختیشی لە ڕۆڵی ستراتیژی عێراق لە ناوچەكەدا كردەوە.

 

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە لابردنی وانەی پەروەردەی ئیسلامی ڕەتدەكاتەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) مانچستەر سیتی ئارسیناڵی دووچاری سێیەم دۆڕاندن کرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەرێم کەمال ئاغا: بە نووسراو داوامانکردووە سودانی بابەتی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ ئەردۆغان چارەسەربکات

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، “بە نووسراو داوامانکردووە سودانی بابەتی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ…
زیاتر ببینە

دیالە.. “10 مۆڵگەی داعش لەناوبران”

لە سنووری پارێزگای دیالە، سوپای عێراق 10 مۆڵگەی داعشی لەناوبرد، هەشتیان لەڕێگەی فڕۆكەكانەوە بوون. بەڕێوبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی سەربە…
Total
0
Share