وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرێم پابەندییەكانی دەربارەی ڕادەستكردنی داهاتی نەوت جێبەجێ نەكردووە و دەشڵێت، 200 ملیار دینارەكەی ڕەوانە كردووە.
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك میدیا ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی دەربارەی ڕادەستكردنی داهاتی نەوت جێبەجێ نەكردووە.
عهلاوی ئاشكرایكرد، دوێنێ 200 ملیار دیناریان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و وتی، “ناڕازیبووین لە ناردنی، بەڵام بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و جێبەجێی دەکەین، ناردنی تەنیا لەبەر هۆکاری مرۆییە”.
ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی دارایی عێراق لەماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا بە پێنج دۆخی لەناكاودا تێپەڕیووە، باسی لەوەشكرد كە گرفتی كۆرۆنا بووەهۆی هەرەسهێنانی نرخی نەوت و زیادبوونی بێكاری.
دەربارەی گۆڕینی بەهای دۆلاریش وەزیری دارایی عێراق وتی، گۆڕانكارییەكە “ئاسان نەبووە”، بەڵام سیاسەتی ئەوان بریتییە لە سەقامگیری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و بەرگریشی لێدەكەن.
دووپاتیشیكردەوە، ئامانج لە سیاسەتی داراییان دروستكردنی هاوسەنگییە لەنێوان نەوت و گەورەكردنی سەرچاوەكانی دیكە.