ده‌سته‌ی ده‌ستپاكى: ته‌نها له‌ دوو پرۆژه‌دا بایی نزیكه‌ى 5 ملیار دینار گه‌نده‌ڵی كراوه‌

فه‌رمانگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق ئاشكرایكرد، له‌ دوو پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریدا له‌ پارێزگاى موسه‌ننا، نزیكه‌ى پێنج ملیار دینار گه‌نده‌ڵی كراوه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ى ئاب، فه‌رمانگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق ڕایگه‌یاند، له‌ دوو پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریدا له‌ پارێزگاى موسه‌ننا، بایی چوار ملیار و 900 ملیۆن دینار، سه‌رپێچی كراوه‌ و نرخی گرانتر نووسراون.

ڕوونیكرده‌وه‌، تیمێكی فه‌رمانگه‌كه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌یان ئاشكراكردووه‌ و دواى لێكۆڵینه‌وه‌كردن ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ پرۆژه‌ی قیركردنى شه‌قامێكی شارى سه‌ماوه‌دا، كۆمپانیاى جێبه‌جێكار بایی سێ ملیار و 900 ملیۆن دینار گه‌نده‌ڵی كردووه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ته‌نها له‌ دیزاینى پرۆژه‌ی دروستكردنى كۆمه‌ڵگه‌ى كۆشكه‌كانى سه‌ماوه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك باڵه‌خانه‌ى حكومى له‌خۆده‌گرێت، بایی یه‌ك ملیار دینار گه‌نده‌ڵی كراوه‌.

فه‌رمانگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق باس له‌وه‌ ده‌كات، گه‌نده‌ڵییه‌كان له‌ڕێگه‌ى ده‌ستنیشانكردنى نرخی زیاتر له‌ نرخه‌ ڕاسته‌قینه‌كان و سه‌رپێچیكردن له‌ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كاندا كراون.

بابەتی پێشتر

بڕیاردان لە چارەنووسی هەڵبژاردن دەكەوێتە دوای لوتکەی بەغداد

بابەتی دواتر

ئیسرائیل: پێویستە جیهان پلانێك بۆ وەستاندنی پێشكەوتنی ئەتۆم لە ئێران دابنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share